١ هەلیلویا!
 
لە ئاسمانەوە ستایشی یەزدان بکەن،
لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
٢ ئەی هەموو فریشتەکانی،
ستایشی بکەن،
ئەی هەموو سوپاکەی،
ستایشی بکەن.
٣ ئەی خۆر و مانگ،
ستایشی بکەن،
ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی،
ستایشی بکەن.
٤ ئەی بەرزترینی ئاسمان،
ستایشی بکەن،
ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
 
٥ با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
٦ هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
 
٧ لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
٨ بروسکە و تەرزە،
بەفر و تەم،
ڕەشەبا،
کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
٩ چیاکان و هەموو گردەکان،
داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
١٠ گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
خشۆک و باڵدار،
١١ پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
١٢ گەنجان و کچان،
پیران و منداڵان.
 
١٣ با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
١٤ پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
نەوەی ئیسرائیل،
ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.
 
هەلیلویا.