زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
١ ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن،
ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
٢ ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن،
چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
 
٣ دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
٤ دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
٥ دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
٦ وا دەکات لوبنان* وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش* وەک جوانەگای کێوی.
٧ دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
٨ دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش* دەلەرزێنێت.
٩ دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن:
«شکۆمەندی!»
 
١٠ یەزدان بە تەختی پاشاییەوە،
لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
١١ یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.