زەبوورێکی داود. گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.*
١ ئەی یەزدان،
بە گەورەت دەزانم،
چونکە هەڵتکێشام و
نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
٢ ئەی یەزدان،
خودای من،
هاوارم بۆ تۆ هێنا،
تۆش چاکت کردمەوە.
٣ ئەی یەزدان،
تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
 
٤ ئەی خۆشەویستانی یەزدان،
گۆرانی بۆ بڵێن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن،
٥ چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
 
٦ کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
«هەرگیز نالەقێم.»
٧ ئەی یەزدان،
بە ڕەزامەندی خۆت،
منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
پەرێشان بووم.
 
٨ ئەی یەزدان،
من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
٩ «مەرگی من سوودی چی تێدایە،
ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
١٠ ئەی یەزدان،
گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
ئەی یەزدان،
ببە بە یارمەتیدەرم!»
 
١١ تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
جلوبەرگی گوشت* لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
١٢ بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
ئەی یەزدان،
خودای من،
هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.