زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان،
من بۆ تۆ هاوار دەکەم.
ئەی تاشەبەردەکەم،
گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە،
چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت،
وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.
٢ گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە،
کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم،
دەستەکانم بەرز دەکەمەوە
بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.
 
٣ لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە،
ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن،
بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن،
بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.
٤ بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە،
بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و
ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.
 
٥ لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و
بە کارەکانی دەستی،
تێکیان دەشکێنێت و
جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.
 
٦ ستایش بۆ یەزدان،
چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.
٧ یەزدان هێز و قەڵغانی منە،
دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت،
دڵم شاد دەبێت و
بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.
 
٨ یەزدان هێزی گەلەکەیەتی،
قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی*.
٩ گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە،
ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.