لاواندنەوەی داود سەبارەت بە وتەکانی کوشی بنیامینی کە بە گۆرانی بۆ یەزدانی گوتووە.
١ ئەی یەزدان،
خودای من،
پەنا دەهێنمە بەر تۆ،
لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
٢ ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن،
پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.
 
٣ ئەی یەزدان،
خودای من،
ئەگەر من وام کردووە،
ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
٤ ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت،
یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
٥ با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،
با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و
شکۆمەندیم بکەوێتە سەر خاک.*
 
٦ ئەی یەزدان،
لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە،
لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە.
ئەی خودای من هەستە،
فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
٧ کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و
لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
٨ با یەزدان دادوەری گەلان بکات.
ئەی یەزدان،
بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە،
بەگوێرەی دروستییەکەم.
٩ ئەی خودای ڕاستودروست،
کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی،
خراپەی بەدکاران مەهێڵە،
بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.
 
١٠ خودای هەرەبەرز قەڵغانی منە،
ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
١١ خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە،
هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
١٢ ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە،
خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات،
کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
١٣ چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە،
تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.
 
١٤ ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە،
بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
١٥ چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات،
بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو چاڵەی هەڵیکەندووە.
١٦ ئاژاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر خۆی و
توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.
 
١٧ ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی،
گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.