بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت*.
زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
 
تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
٢ بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
٣ کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
مانگ و ئەستێرەکان،
کە تۆ لەوێ داتناون،
٤ مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
 
٥ کەمێک لە فریشتەکانت* بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
٦ دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
٧ هەموو مەڕ و مانگاکان،
هەروەها ئاژەڵی کێوی،
٨ باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
 
٩ ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!