بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت*. زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان،
لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە.
٢ ئەی یەزدان،
لەگەڵم میهرەبان بە،
چونکە داهێزراوم،
ئەی یەزدان،
چاکم بکەرەوە،
چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات.
٣ گیانم زۆر دەلەرزێت،
هەتا کەی،
ئەی یەزدان،
هەتا کەی؟
 
٤ ئەی یەزدان،
بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە،
بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە،
٥ چونکە مردوو ناتوانێت یادی تۆ بکات.
لە جیهانی مردووان* کێ ستایشت دەکات؟
 
٦ ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم!
هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم،
جێگاکەم تەڕ دەکەم.
٧ چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون،
بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون.
 
٨ ئەی هەموو بەدکاران،
لێم دوور بکەونەوە،
چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە.
٩ یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە،
یەزدان نوێژم وەردەگرێت.
١٠ هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن.