نەحەمیا
نزای نەحەمیا
١ یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا:
 
ئەوە بوو لە مانگی کیسلێڤ* لە ساڵی بیستەم،
کاتێک لە قەڵای شوش بووم،
٢ حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن،
منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون،
ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە،
لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن.
٣ پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان،
شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون.
٤ کاتێک گوێم لەم قسانە بوو،
دانیشتم و گریام،
چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم.
٥ دوای ئەوە گوتم:
«ئەی یەزدان،
خودای ئاسمان،
ئەی خودای مەزن و سامناک،
ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ خۆشەویستانت و بۆ ئەوانەی فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەن،
٦ تکایە،
با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت،
ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات.
دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم،
کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد،
هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد.
٧ بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین.
فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە بە موسای خزمەتکارت دا.
٨ «تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو:
”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم،
٩ بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن،
ئەوا ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی زەویش بن،
لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەو شوێنەی کە بۆ نیشتەجێبوونی ناوەکەم هەڵبژاردووە.“
١٠ «ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە.
١١ ئەی پەروەردگار،
لێت دەپاڕێمەوە،
تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن.
تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.»
منیش ساقی پاشا بووم.