ئەستێر
کورتە باسێک
خودا بەڵێنی خۆی بۆ پاراستنی گەلەکەی بەجێدەهێنێ.‏
 
پەڕتووکی ئەستێر ڕووداوێکی گرنگی تێدا باسکراوە، لەدوای دەست بەسەرداگرتنی شانشینی بابل لەلایەن فارسەکانەوە و وێرانکردنی پایتەختەکەی. هۆزێکی جولەکە کە هێشتا لەو خاکە مابوونەوە کە بۆی ڕاپێچ کرابوون لەنێویان کچێک هەبوو کە ئەحەشوێرۆشی پاشا هاوسەرگیری لەگەڵی کرد. هامانی ڕاوێژکاری پیاوخراپ هەوڵی دا جولەکەکان لەناوببات و دەست بەسەر سامانەکانیاندا بگرێت، ئەستێر بە لێهاتووییەوە هاتە ناو بابەتەکە و پیلانەکەی هەڵوەشاندەوە، نەتەوەکەی خۆی لە کارەسات ڕزگار کرد. هامانیش لە سێدارە درا. هەتا ئێستاش جولەکەکان بە بۆنەی ئەو ڕزگاربوونە جەژنی فوریم دەگێڕن.
ڕزگاریی خودا و هێزەکەی تەوەری سەرەکی ئەم پەڕتووکەن، تەنانەت لە خاکی ڕاپێچکراویش خودا کاری لەسەر پارێزگاریکردنی گەلەکەی کرد، هەموو شتێکی بۆ چاکەی ئەوان گۆڕی، ئەوەش کاتێک نزایان بۆ کرد و بەڕۆژوو بوون و هانایان بۆ خودا برد، خوداش بێ هیوای نەکردن و لە چنگی هامان ڕزگاری کردن. شایانی تێبینییە کە خودا کەسانێکی بەکارهێنا بۆ بەجێگەیاندنی ویستی خۆی لەبری ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ کار بکات. پێویستە لەسەرمان هەموو کاتێک ئامادە بین بۆ بەجێهێنانی ویستی خودا بەگوێرەی ئەوەی داوامان لێدەکات.