نەحەمیا
کورتە باسێک
هەموو کات دەرگای لێخۆشبوون و تۆبەکردن کراوەیە.‏
 
پەڕتووکی نەحەمیا لەدوای ئەو بەڵگەنامە مێژووییە دێت کە عەزرا دەستی پێکرد، لایەنەکانی ژیانی گەلی خودا بەدەردەخات لەدوای گەڕانەوەیان لە ڕاپێچکراوی. بابەتی سەرەکی پەڕتووکی عەزرا بنیادنانەوەی پەرستگایە، بابەتی پەڕتووکی نەحەمیاش بنیادنانەوەی شوورای ئۆرشەلیمە. هەروەها گرنگی شوورای ئۆرشەلیم دەردەخات کە پاراستنی دانیشتووانەکەیەتی، ئینجا باسی چۆنیەتی بنیادنانی شووراکە دەکات وێڕای بوونی گرفتی ناوخۆ و دەرەکی. بانگەوازی دیاریکردنی ڕۆژێکی نیشتیمانی گشتی ڕاگەیەنرا بۆ تۆبەکردن و داوای لێخۆشبوون. پاشان دروستکردنی شوورای شار تەواو بوو.
بابەتی ئەم پەڕتووکە دەربارەی ڕاستیێکی پڕ لە ئازارە، خەڵکی پەندیان وەرنەگرتووە لەو وانەیەی کە خودا ویستی فێریان بکات. گەلی یەهودا لە دەرئەنجامی گوناهەکانیان ڕاپێچ کران و لە هەموو لایەکی زەوی پەرتەوازە کران، ئێستاش هەمان گوناە دەکەنەوە، یاخی دەبنەوە و تووشی هەمان ئەو گرفتانە دەبنەوە کە پێشتر تووشی ببوون. گەلی خودا خواپەرستییان پشتگوێ خست، هەروەها نوێژ و خوێندنەوە و لێوردبوونەوە لە کتێبی پیرۆز، خەڵک ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد و هەژاریان دەقۆستەوە بۆ ئەوەی بە کۆیلە بیفرۆشنە خەڵکی بێگانە، بەڵام خودا بە خۆشویستنی خۆی و پشوودرێژییەکەی بەردەوام بوو لە ناردنی پێغەمبەر و ئاگادارکەرەوەکانی و دەرگای تۆبە و لێخۆشبوونی لەبەردەمیان کردەوە بۆ ئەوەی لە تووڕەبوونی خودا دەرباز بن.