دواوتار
پێنجەم پەڕتووکی موسا
کورتە باسێک
خودا گەلی خۆی بانگکرد کە بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە بەدەنگ ڕزگارییەکەیەوە بێن، لە ناوەڕاستی کەلتورێکی بتپەرست خودای ڕاستەقینە بپەرستن، لە ڕێگای بەرەکەت و دادپەروەری و دڵفراوانی و بێگەردی بەزەییەکەیەوە لەنێو چەندین نەتەوە بژین.‏
 
ئەم پەڕتووکە چەند وتارێک لەخۆ دەگرێت کە لە دەشتی مۆئاب بەر لە چوونە نێو خاکی کەنعان موسا بە سروشی خودا (وەحی) پێشکەشی کرد، لەگەڵ هەندێک یاسای تایبەت و جێنشینکردنی یەشوع لە شوێنی موسا بۆ ڕابەرایەتیکردنی گەلی خودا. موسا لە وتارەکەیدا بە کورتی باسی ئەو ڕووداوانەی کرد کە بەسەر گەلی خودا هاتبوون، هانیدان بۆ باوەڕ بە خودا و پشتبەستن پێی و گوێڕایەڵبوونی، هەروەها بۆ دووبارە خۆتەرخانکردنەوەیان بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکەی کە خودا بەڵێنی پێیان دابوو، ئینجا ڕابەرایەتی کردن بۆ پەرستن و سوپاسگوزاری خودا. لەدوای ڕاسپاردنی یەشوع وەک جێگرەوەی، موسا سەرکەوتە سەر چیا و بۆ یەکەمین و دوایین جار لە دوورەوە تەماشای خاکی کەنعانی کرد، بەڵام نەیتوانی هەرگیز بچێتە ناوی، ئینجا مرد و نەوەیەکی نوێ هاتە کایەوە. لەدوای مردنی موسا، بە ڕابەرایەتی ڕابەرانی گەل و لە سەرووی ئەوانیشەوە یەشوع هەنگاوێکی نوێ لە مێژووی گەلی جولەکە دەستی پێکرد.
ئەم پەڕتووکە سەبارەت بە هێزی ڕزگاریبەخشی خودا و دڵسۆزییەکەی دەدوێت، ئەوەی لە ڕابردووی گەلی جولەکە بکۆڵێتەوە هەتا مردنی موسا دەبینێت چۆن خودا ڕابەرایەتی ئەو گەلەی کردووە لە تاریکترین ڕۆژانی مێژوویان، دڵی پڕکردوون لە هیوا بە داهاتووێکی باشتر. ئەوەی خودا لە ڕابردوو کردی دەکرێ ئێستاش بیکات، بەڵکو لە هەموو سەردەم و نەوەیەک لەگەڵ ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە. لەبەر ئەوە ئەم پەڕتووکە چڕبووەتەوە لەسەر گرنگی باوەڕ بە خودا و بە تەواوی گوێڕایەڵبوونی بۆ ئەوەی خودا پەرجوو (موعجیزە) لە ژیانی باوەڕدارانی بکات. خودا بەرەکەتی خۆی بەسەر ئەوانەدا دەڕێژێت کە لە پێناوی شکۆمەندییەکەیدا کار دەکەن.