یەشوع
کورتە باسێک
خودا ئەو خاکەی دایە دەست گەلی جولەکە کە بەڵێنی پێیان دابوو.‏
 
لەدوای مردنی موسا جڵەوی ڕابەرایەتی گەل درایە دەست یەشوع، بە درێژایی ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەستگیرا بەسەر زۆربەی خاکی کەنعان، ئەو ڕابەری گەلی ئیسرائیل بوو. یەشوع هێشتا لە دەشتی مۆئاب بوو، توانی هێزە چەکدارەکان ئامادە بکات و بیباتە ئەو شەڕانەی لەدوای ئەوەی لە ڕووباری ئوردون پەڕییەوە تووشیان بوو، سێ شەڕ هەڵگیرسا: یەکەمیان لە هەرێمی باکوور، دووەم لە ناوەڕاست و سێیەمیش لە هەرێمی باشوور. لە هەر سێ شەڕەکە گەلی جولەکە سەرکەوتن، لەم پەڕتووکە بە گشتی باسی ئەو شەڕانە کراوە. لەدوای ئەو شەڕە سەرەتاییانە یەشوع خاکەکەی بەسەر ڕەچەڵەکەکانی ئیسرائیلدا دابەش کرد، ئینجا وتارێکی پێشکەش کردن و هانیدان لەسەر گوێڕایەڵبوونی خودا. لە سەرلێشێوان و گومڕایی ئاگاداری کردنەوە. ئینجا یەشوع لە تەمەنی پیری لە خاکی کەنعان مرد.
یەشوع لەم پەڕتووکە بە سروشی ڕۆحی پیرۆز ئەوەی دەرخستووە کە خودا دڵسۆزە بۆ هەر بەڵێنێک کە بیدات. هەر لەم پەڕتووکەدا دەبینین کە لەدوای ئەوەی خەڵکی خاکەکە گەندەڵ بوون و هەموو کارێکی قێزەون و گڵاویان کرد، لە پەرستنی بت و مرۆڤ کردنە قوربانی، گەلی خودا چوونە ناو ئەو خاکە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی. جگە لەوەش چوونیان بۆ ناو ئەو خاکە ڕاستەوخۆ نەبوو، خودا داوای لێکردن چەند شەڕێکی سەخت بکەن بەر لەوەی بچنە ناوی، چونکە خودا ویستی نەتەوەکان لەسەر گوناهەکانیان سزا بدات، خاوەنەکانی خاکی کەنعان، گەلی خودا گوێڕایەڵ بوون بۆ بەجێگەیاندنی بڕیارەکە.