میراتەکەی کچانی سەلۆفحاد
١ گەورەی بنەماڵەکانی خێڵی نەوەی گلعادی کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە کە لە خێڵەکانی نەوەی یوسفن،
هاتنە پێش و لەبەردەم موسا و بەردەم گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل دوان و
٢ گوتیان:
«کاتێک یەزدان فەرمانی بە گەورەم کرد،
کە خاکەکە بە میرات بە تیروپشک بداتە نەوەی ئیسرائیل،
هەروەها فەرمانی پێ کردیت کە میراتەکەی سەلۆفحادی برامان بدەیتە کچەکانی.
٣ جا ئەگەر گریمان بوونە ژنی پیاوێک لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل،
ئەوا میراتەکەیان لە میراتی باوکانمان دەبردرێت و دەخرێتە سەر میراتی ئەو هۆزە کە بۆ ئەوان بوون،
جا بەشێک لە تیروپشکی میراتەکەمان دەبردرێت.
٤ کاتێک بووە ساڵی یۆبیل* بۆ نەوەی ئیسرائیل،
ئەوا میراتەکەیان دەچێتە سەر میراتی ئەو هۆزەی کە بۆیان بوون و لە میراتی هۆزی باوکانمان میراتیان دەبردرێت.»
٥ جا موسا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی:
«هۆزی نەوەی یوسف ڕاستیان گوت.
٦ یەزدان فەرمانی ئەمەی کرد سەبارەت بە کچانی سەلۆفحاد و فەرمووی،
ئەوەی ئەوان پێیان خۆشە با شووی پێ بکەن،
بە مەرجێک لە خێڵی هۆزی باوکانیان بێت.
٧ میراتی نەوەی ئیسرائیل لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە،
بەڵکو نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی هۆزی باوکانی دەبێت.
٨ هەر کچێکیش لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل میراتی وەرگرت،
ئەوا دەبێتە ژنی یەکێک لە خێڵی هۆزی باوکی،
هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە ببێتە میراتگری میراتی باوکانی.
٩ هیچ میراتێک لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە،
بەڵکو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی خۆی دەبێت.»
١٠ وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد،
کچانی سەلۆفحاد ئاوایان کرد.
١١ مەحلە و تیرزە و حۆگلە و میلکە و نۆعا کە کچانی سەلۆفحادن بوونە ژنی ئامۆزاکانیان؛
١٢ بوونە ژن لە خێڵەکانی نەوەی مەنەشەی کوڕی یوسف،
ئیتر میراتەکەیان لە خێڵ و هۆزی باوکانیان مایەوە.
 
١٣ ئەمە ئەو فەرمان و ڕێسایانەیە کە یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد،
بە دەستی موسا لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا.