سەرژمێری
چوارەم پەڕتووکی موسا
کورتە باسێک
خودا گەلی خۆی پاراست، لە گەشتکردنیان بەناو بیاباندا، پێویستیان بەوەیە کە باوەڕیان هەبێت بۆ ئەوەی بچنە ئەو شوێنە میراتییەی کە خودا بۆی دابین کردوون.‏
 
ئەم پەڕتووکە بە ڕوونی باسی چوونی گەلی خودا دەکات بۆ سنووری خاکی کەنعان، کە خودا بەڵێنی بە باوکانیان دابوو، بەڵام بەهۆی کەللەڕەقی و گوناە و هەڵگەڕانەوەیان سزا دران بەوەی کە نەیانتوانی بچنە ناوی و ببنە خاوەنی. بە فەرمانی خودا ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەبێ شوێن مانەوە. لەدوای چل ساڵ چوونە نێو سنووری خاکی کەنعان، پاش ئەوەی وانەیەکی قورسیان وەرگرت بۆ گوێڕایەڵی و ملکەچبوونیان بۆ فەرمان و ڕاسپاردەی خودا؛ پاش ئەوەی لە چەند شەڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون سەرکەوتن، چوونە ناو سنووری خاکی کەنعان.
موسا بە سروشی خودا (وەحی) ڕایگەیاند کە خودا دڵسۆزە بۆ بەڵێنەکانی خۆی، هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە مرۆڤ بە ئاسانی لەخشتە دەبردرێت و تووشی گوناە دەبێت. سەرباری ئەوەی گەلی خودا لە خودا یاخی بوون، بەڵام خودا دڵسۆز بوو بۆ ئەو بەڵێنەی کە دابووی. کاتێک گەلی خودا لە بیابان بوون پێویستییەکانی بۆ فەراهەم دەکردن و هەر کاتێکیش لە خواپەرستی لایاندەدا سزای دەدان.
لە پەیمانی نوێ باوەڕداران بە مەسیح گەلی خودان، ئێمە لە زەوی نامۆین و لە چاوەڕوانی چوونە نێو خاکی کەنعانی ئاسمانیداین. لەو کاتەوە ژیانی هەتاهەتاییمان هەیە و بەردەوام لەبەردەم خودا ژیان دەگوزەرێنین.