مردنی ناداب و ئەبیهو
١ دوو کوڕی هارون،
ناداب و ئەبیهو،
هەریەکە و بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێدا کردەوە و بخووریان بەسەردا کرد.
لەبەردەم یەزدان ئاگرێکی نامۆیان پێشکەش کرد،
کە ئەو فەرمانی پێیان نەدابوو.
٢ ئیتر ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد،
هات و ئەوانی هەڵلووشی و لەبەردەم یەزدان مردن.
٣ موساش بە هارونی گوت:
«ئەمە بوو مەبەستی یەزدان کاتێک فەرمووی:
«”لەنێو ئەوانەی لێم نزیک دەبنەوە
پیرۆزی خۆم دەردەخەم و
لەبەردەم هەموو گەل
شکۆدار دەبم.“»
هارون بێدەنگ بوو.
٤ موسا بانگی میشائیل و ئەلسافانی کرد،
دوو کوڕەکەی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن:
«وەرنە پێش،
ئامۆزاکانتان لەبەردەم پیرۆزگا هەڵبگرن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە.»
٥ ئەوانیش هاتنە پێش و بە کراسەکانیان هەڵیانگرتن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە،
هەروەک موسا گوتی.
٦ هەروەها موسا بە هارون و ئەلعازار و ئیتاماری کوڕەکانی هارونی گوت:
«سەرتان ڕووت مەکەن و جلەکانتان مەدڕێنن،
نەوەک بمرن و تووڕەیی یەزدان بێتە سەر هەموو کۆمەڵ.
بەڵام کەسوکارتان،
هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بۆ ئەوانە بگریێنن کە یەزدان بە ئاگر لەناوی بردوون.
٧ لە دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دەرمەچن،
نەوەک بمرن،
چونکە زەیتی دەستنیشانکردنی یەزدان لەسەرتانە.»
ئەوانیش بەگوێرەی قسەکەی موسایان کرد.
٨ هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو:
٩ «شەراب و مەی مەخۆرەوە،
خۆت و کوڕەکانیشت،
لە کاتی چوونە ژوورەوەتان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن،
نەوەک بمرن.
ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە،
١٠ بۆ ئەوەی بتوانن لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو و لەنێوان پاک و گڵاو جیاکاری بکەن،
١١ هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل دەربارەی هەموو فەرزەکان فێر بکەن کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە لەگەڵیاندا دوا.»
١٢ موساش بە هارونی برای و دوو کوڕەکەی هارون،
ئەلعازار و ئیتامار کە مابوونەوە گوتی:
«ئەو پێشکەشکراوە دانەوێڵەیەی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان ماوەتەوە،
بیبەن و لەتەنیشت قوربانگاکە بەبێ هەویرترش بیخۆن،
چونکە هەرەپیرۆزە.
١٣ لە شوێنێکی پیرۆز بیخۆن،
چونکە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانتە لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان،
چونکە من بەو شێوەیە فەرمانم داوە.
١٤ بەڵام سنگی بەرزکراوە و ڕانی پێشکەشکراو لە شوێنێکی پاک دەخۆن،
خۆت و کوڕەکانت و کچەکانت،
چونکە کراون بە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانت لە قوربانییەکانی هاوبەشی نەوەی ئیسرائیل.
١٥ ڕانی پێشکەشکراو و سنگی بەرزکراوە لەگەڵ پیوەکانی قوربانی بە ئاگر دەهێنن،
هەتا لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز بکرێنەوە.
ئەمانە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانت دەبن کە لەگەڵتدان،
بەشێکی چەسپاوە،
هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
١٦ کاتێک موسا داوای گیسکەکەی قوربانی گوناهی کرد و بۆی دەرکەوت کە سووتێنراوە،
لە ئەلعازار و ئیتامار کە دوو کوڕەکەی هارون بوون و مابوونەوە،
تووڕە بوو و گوتی:
١٧ «بۆچی قوربانییەکەی گوناهتان لە پیرۆزگادا نەخوارد؟
بێگومان کە هەرەپیرۆزە و پێتان دراوە بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵەکە هەڵبگرن بۆ کەفارەت بۆیان لەبەردەم یەزدان،
١٨ لەو کاتەوە خوێنەکەی بۆ ژوورەوەی شوێنی پیرۆز نەهێنرا،
بێگومان دەبووایە لە پیرۆزگا بیخۆن،
هەروەک فەرمانم داوە.»