دەرچوون
دووەم پەڕتووکی موسا
کورتە باسێک
خودا خۆی و ناوی پیرۆزی خۆی ئاشکرا دەکات، هەروەها چۆن گەلی خۆی لە کۆیلایەتی دەکڕێتەوە و پەیمانیان لەگەڵ دەبەستێت بۆ ئەوەی گەلێکی تایبەت بۆ پەرستنی خۆی دروستبکات.‏
 
ئەم پەڕتووکە لە هەمان ئەو کاتەدا نووسراوە کە موسا بە سروشی خودا (وەحی) پەڕتووکی پەیدابوونی نووسی. موسا هەندێک کێشەی گرنگی چارەسەر کرد کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرهەڵدانی گەلی ئیسرائیلەوە هەبوو وەک میللەت. ئەم پەڕتووکە ڕابەرایەتی موسا نیشان دەدات لەدوای ئەوەی خودا هەڵیبژارد ڕابەرایەتی گەلی ئیسرائیل بکات و لە وڵاتی میسر بیانباتە دەرەوە. هەروەها ئەو دە کارەساتە باس دەکات کە بەسەر میسر هات وەک سزایەک بۆ گوێڕایەڵنەبوونی فیرعەون بۆ فەرمانی خودا. لە دەیەم کارەسات، خودا نۆبەرەکانی گەلی ئیسرائیلی لە مردن پاراست بەهۆی سەربڕینی بەرخێک لە جیاتی نۆبەرەی هەر ماڵێک و خوێنی بەرخەکە لە چوارچێوەی دەرگاکان درا وەک نیشانەیەک بۆ ڕزگاربووان. جەژنی پەسخە لەسەر ئەم ڕووداوە دانراوە، وەک یادەوەرییەک بۆ ڕزگاربوونی گەلی خودا لە کۆتی کۆیلایەتی. ئیسرائیلییەکان لە نەوەکانی داهاتووشیان بەو بۆنەیەوە جەژنیان دەگێڕا، ئەمە هەتا ئێستاش بەردەوامە. گەلی ئیسرائیل لە دەریای سوور پەڕینەوە و گەیشتنە شاخی سینا کە لەوێ خودا پەیمانێکی تایبەتی لەگەڵ گەلی ئیسرائیل بەست و دە ڕاسپاردەکەی پێ سپاردن. لەدوای ئەوە چادرێک بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ خودا دروستکرا، کە لەناو چادری پەرستن بوو. لە کاتێکدا کە موسا لەسەر لووتکەی شاخ بوو، هارون و گەلەکە یاخی بوون، بەڵام لەدوای تەمبێکردنیان لەسەر دەستی هۆزی لێڤی یەزدان پەیمانەکەی لەگەڵیان نوێکردەوە.
لەم پەڕتووکەدا خودا بە جۆرێک خۆی دەناسێنێ کە گەلی خۆی ڕزگار دەکات و پەیمانی لەگەڵ دەبەستێ، هەروەها هێز و دەسەڵاتی خۆی بە مرۆڤ دەناسێنێ. خودا داوا لە مرۆڤ دەکات کە باوەڕی پێ بهێنن و لە بتپەرستی دووربکەونەوە، چاوەڕێی ئەوە لە باوەڕداران دەکات کە بیپەرستن و پشتی پێ ببەستن و گوێڕایەڵی بن، لەبەر ئەوە خواپەرستی لە چادری پەرستنی یەزدان و گوێڕایەڵبوونی تەورات دوو ئاکار بوون لە ئاکارەکانی گوێڕایەڵی گەل بۆ خودا. لە پەیمانی نوێش مەسیح بەرخی قوربانییە، لە خاچ درا بۆ ئەوەی ببێتە کەفارەتی گوناهەکانی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ بکڕێتەوە.