کاهینەکان خزمەتیان دەستپێدەکەن
١ لە ڕۆژی هەشتەم،
موسا هارون و کوڕەکانی و پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و
٢ بە هارونی گوت:
«جوانەگایەک بۆ خۆت،
بۆ قوربانی گوناە و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن ببە،
هەردووکیان ساغ بن و لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان بکە.
٣ لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ:
”گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناە و جوانەگایەک و بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن و
٤ گایەک* و بەرانێک بۆ قوربانی هاوبەشی بۆ سەربڕین لەبەردەم یەزدان ببەن،
هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو،
چونکە ئەمڕۆ یەزدان بۆتان دەردەکەوێت.“»
٥ ئەوەی موسا فەرمانی پێ کردبوو بردیانە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵەکە چوونە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان وەستان.
٦ موسا گوتی:
«یەزدان فەرمانی ئەمەی داوە،
دەیکەن،
ئینجا شکۆمەندی یەزدانتان بۆ دەردەکەوێت.»
٧ پاشان موسا بە هارونی گوت:
«بڕۆ پێشەوە بۆ لای قوربانگاکە و قوربانی گوناهت و قوربانی سووتاندنەکەت بکە و کەفارەت بۆ خۆت و گەل بکە و قوربانی گەل بکە و کەفارەتیان بۆ بکە،
هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
٨ ئیتر هارون چووە پێشەوە بۆ لای قوربانگەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناهی سەربڕی کە بۆ خۆی بوو.
٩ کوڕەکانی هارونیش خوێنەکەیان بۆ هێنا و ئەویش پەنجەی کردە ناو خوێنەکە و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی دا و خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە.
١٠ پیوەکە و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەری قوربانییەکەی گوناە بوو لەسەر قوربانگاکە سووتاندی،
هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد،
١١ بەڵام کەلاک و پێستەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سووتاند.
١٢ ئینجا قوربانی سووتاندنەکەی سەربڕی و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان دایێ،
ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
١٣ پاشان قوربانی سووتاندنەکەی ئەوانی دایێ بە پارچەکانی و سەرەکەیەوە،
ئەویش لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
١٤ هەناو و قاچەکانیشی شوشت و لەسەر قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
١٥ ئینجا هارون قوربانییەکەی گەلی پێشکەش کرد،
گیسکەکەی برد کە قوربانی بوو بۆ گوناهی گەل،
سەری بڕی و بۆ گوناە کردی وەک ئەوەی یەکەم.
١٦ هارون بەپێی ڕێوڕەسم قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش کرد.
١٧ هەروەها پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵەی هێنا و مستی لێ پڕکرد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندی،
بێجگە لە قوربانی سووتاندنی بەیانی.
١٨ گایەکە و بەرانەکەی سەربڕی،
قوربانی هاوبەشی کە بۆ گەلە و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان پێیدا،
ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
١٩ هەروەها پیوەکە لە گایەکە و دوگەکە لە بەرانەکە،
ئەو پیوەش کە هەناو دادەپۆشێت و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەرە،
٢٠ ئەم پیوانەیان خستە سەر دوو سنگەکە.
ئینجا هارون پیوەکەی لەسەر قوربانگاکە سووتاند،
٢١ بەڵام هەروەک موسا فەرمانی دا،
بۆ قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان،
دوو سنگەکە و ڕانی ڕاستی بەرز کردەوە.
٢٢ ئینجا هارون دەستی بەرەو گەل بەرزکردەوە و داوای بەرەکەتی بۆ کردن و لە پێشکەشکردنی قوربانی گوناە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی،
هاتە خوارەوە.
٢٣ ئینجا موسا و هارون چوونە ناو چادری چاوپێکەوتن و پاشان هاتنە دەرەوە و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد.
ئیتر شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو گەل دەرکەوت.
٢٤ ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد،
هات و لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکە و پیوەکەی سووتاند.
هەموو گەلیش بینییان و هاواریان کرد و بەسەر ڕوویاندا کەوتن.