پەیدابوون
یەکەم پەڕتووکی موسا
کورتە باسێک
خودا بە چاکەی خۆی گەردوونی بە جوانی بەدی هێنا،
بەڵام مرۆڤ یاخی بوو،
خوداش لە ڕێگای پەیمانبەستن لەگەڵ هەڵبژێردراوانی،
گەلی تایبەتی خۆی دروستکرد بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی ڕزگار بکات.
 
پەڕتووکی پەیدابوون تۆمارێکە لەلایەن خوداوە لە ڕێگای موسای پێغەمبەرەوە بە مرۆڤ ڕاگەیەنراوە،
لە ساڵانی (١٤٢٠‏–١٢٢٠ پ.
ز.)،
لە دەستپێکیدا بۆمان دووپات دەکاتەوە کە خودا بەدیهێنەری تەواوی گەردوون و مرۆڤە،
کە مرۆڤی لە باشترین شوێن و بارودۆخ دانا.
لەدوای ئەوەش باسی چۆنیەتی یاخیبوونی مرۆڤ دەکات لە فەرمانی خودا و گوناهباربوونی،
هەروەها چۆن خودا پلانی ڕزگارکردنی مرۆڤی داڕشت.
موسا بە سروشی خودا (وەحی) ئەم پەڕتووکەی نووسیوە،
کە تێیدا بە گشتی باسی مێژووی مرۆڤایەتی و گەشەسەندنی نەتەوەکان و بە تایبەتی باسی سەرەتای مێژووی جولەکە دەکات.
لە سەردەمی ئیبراهیم و ئیسحاقی کوڕی و یاقوبی نەوەیەوە،
بە وردی باسی گرنگترین چیرۆکی مرۆڤایەتی دەکات کە ئەویش ئیبراهیمی باوکی گەلی خودایە.
سەرگوزەشتەی ئیبراهیم لە خاکی میسۆپۆتامیاوە دەستپێدەکات،
لە خۆشەویستی و لەخواترسی ئیبراهیمەوە،
ئینجا پەیمانی خودا لەگەڵ ئیبراهیم دێتە کایەوە.
بە چیرۆکی فرۆشتنی یوسف و گەشەکردنی و کۆچی گەلی خودا بۆ میسر کۆتایی بەم پەڕتووکە دێت.
کڕۆکی ئەم پەڕتووکە باس لە ناساندنی خودا دەکات.
لەگەڵ ئەوەی خودا هەموو شتێکی بە باشترین شێوە دروستکرد،
بەڵام گوناە هات و جوانی بەدیهێنراوانی شێواند.
بۆیە خودا دەستی بە داڕشتنی پلانێک کرد بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە بەند و کۆتی گوناه.
هەروەها باسی پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ و دەسەڵاتی ڕەهای خودا دەکات. دواتر تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن خودا پەیمانی لەگەڵ خەڵکە هەڵبژێردراوەکەی خۆی بەست و قوربانیی سەپاند وەک ژیان لەبری ژیان.