پێشەکی پەیمانی نوێ
پەیامی مەسیح مزگێنیی ڕزگاربوون لە گوناە و بەدەستهێنانی ژیانی هەتاهەتاییە و مزگێنیی هاتنی پاشایەتی خودایە لە ڕێگای عیسای مەسیحەوە. عیسا ئەو مزگێنییەی ڕاگەیاند و لەدوای هەستانەوەی، قوتابییەکانی بەردەوام بوون لە ڕاگەیاندنی. لە زمانی یۆنانی وشەی مزگێنی پێی دەگوترێت «یوەنجیلیۆن»، کە لە زمانی کوردی بۆ ئاسانی دەربڕین بووەتە «ئینجیل». عیسا خۆی پەیامێکی نووسراوی ڕانەگەیاندووە، بەڵام پێش لەخاچدانی بەڵێنی بە قوتابییەکانی دا کە لەدوای خۆی ڕۆحی پیرۆزیان بۆ دەنێرێت تاکو هەموو شتێکیان فێر بکات و هەموو وتەکانی مەسیحیان بیربخاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بینووسنەوە (یۆحەنا ١٤‏:٢٦‏). عیسا فێرکردنەکانی بە شێوەیەک دایە قوتابییەکان کە ئاسان بێت بۆ بەبیرهاتنەوە و فێرکردنی خەڵکی دیکە. قوتابییەکانیش هەموو ڕووداوەکانیان بە چاوی خۆیان بینیبوو، بە تایبەتی لەخاچدان و هەستانەوەکەی لەدوای مردنی. پەنجا ڕۆژ لەدوای لەخاچدانی عیسا، بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز هاتە دی. لەو کاتەوە قوتابییەکانی دەستیان کرد بە ڕاگەیاندنی مزگێنیی پاشایەتی خودا و فێرکردنی خەڵکی بەو پەیامەی عیسا فێری کردبوون. بە ڕابەرایەتی ڕۆحی پیرۆز چوار کەس (مەتا، مەرقۆس، لۆقا و یۆحەنا) هەستان بە نووسینەوەی ئەم مزگێنییە. لەو نووسراوانەدا ژیان و فێرکردن و پەرجوو و لەخاچدانی عیسا تۆمار کراوە و بە هەستانەوەی عیسا لەنێو مردووان و بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان کۆتاییان هاتووە. ئەم نووسراوانە بۆ خوێنەری جۆراوجۆر نووسراون. بۆ نموونە: یۆحەنا بۆ ئەوەی نووسیوە تاکو خوێنەری بێباوەڕ بهێنێتە باوەڕ، لۆقا بۆ چەسپاندنی خوێنەری باوەڕدار لەوەی فێری بووە؛ لەبەر ئەوە شێوازەکانی نووسینیان جیاوازە
. خودا لە ڕێگەی پەیمانی نوێ و بەهۆی باوەڕهێنان بە مەسیح، مرۆڤی لە کۆیلایەتی گوناە ڕزگار کرد. عیسای مەسیح خۆی کردە قوربانی و خوێنی خۆی لە پێناوی هەموو مرۆڤایەتی ڕشت تاکو هەموو کەسێک بتوانێت ژیانی هەتاهەتایی وەربگرێت و چیتر پێویست نەکات مرۆڤ بۆ بەخشینی گوناهەکانی قوربانی پێشکەش بکات. پەیمانی نوێ مزگێنیی بەپاشابوونی عیسا و سەرکەوتنی بەسەر شەیتاندا ڕادەگەیەنێت. ئەمەش بە مردنی عیسا لەسەر خاچ هاتە دی. ئەم سەرکەوتنەشی بە هەستانەوە لەنێو مردووان ڕاگەیاند. بەم شێوەیە لێخۆشبوونی گوناهی بەخۆڕایی پێبەخشین. هەروەها ژیانی جاویدانی پێبەخشین کە ناوەڕۆکەکەی ناسینی خودای هەتاهەتاییە وەکو باوکێکی ئاسمانی. باوەڕهێنان و تۆبەکردن و ستایشکردن بە وتە و بە کردار کاردانەوەی ئەو کەسانەیە کە گوێڕایەڵی پەیامی خودا دەبن.
ئینجیلی پیرۆز لە بیست و حەوت پەڕتووک پێکهاتووە کە مێژووی زۆربەی نووسراوەکانی مەزەندە دەکرێت بە ٢٥‏–٥٠ ساڵ لەدوای بەرزبوونەوەی مەسیح بۆ ئاسمان. ئەم پەڕتووکانە بە شێوەیەکی بابەتییانە ڕێکخراون نەک زەمەنییانە، لەم بەشانەی خوارەوە پێکدێت:
مزگێنی: چوار پەڕتووکی یەکەم لە مزگێنی پێکهاتوون. کردار: لەدوای چوار پەڕتووکەکەی مزگێنی، پەڕتووکی کرداری نێردراوان دێت کە دووەم نووسراوی لۆقایە. ئەم پەڕتووکە بە دەرکەوتنی عیسا بۆ قوتابییەکانی دەستپێدەکات لەدوای هەستانەوەی لەنێو مردووان، پاشان لە ماوەی سی ساڵی دوای ئەمە مزگێنیی مەسیح لە ئۆرشەلیمەوە هەتا ڕۆما بڵاو دەبێتەوە. نامەکان: لەدوای ئەمە بیست و یەک نووسراو دێن کە لە شێوەی نامەن، سێزدەیان پۆڵس نووسیونی، نامەکانی دیکەش لەلایەن یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا و یەهوداوە نووسراون. نامەی یەکەم نزیکەی بیست ساڵ لەدوای هەستانەوەی عیسا نووسراوە. نامەکانی پەیمانی نوێ پڕن لە فێرکردنەکانی مەسیح. نێردراوەکان بە دەسەڵاتی مەسیح، کڵێساکانیان ئاراستە کردووە.
ئاشکراکردن: دوا نووسراویش پەڕتووکی ئاشکراکردنەکەی یۆحەنایە. ئەمەش بە حەوت نامە دەستپێدەکات بۆ کڵێساکانی هەرێمی ئاسیای ڕۆمانی کە باشوور و ڕۆژئاوای وڵاتی تورکیای ئێستا دەگرێتەوە. لەم پەڕتووکەدا لە شێوەی ئاشکراکردنی هێمایی خواست و کرداری خودا لەسەر زەوی ڕادەگەیەنێت.
هەر بیست و حەوت پەڕتووکەکەی پەیمانی نوێ بە زمانی یۆنانی نووسراون، چونکە لەو سەردەمەدا زمانی کەلتور و ژیاری و فەرمی بووە لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی.