پێشەکی پەیمانی کۆن
پەیمانی کۆن بناغەی هاتنی پەیمانی نوێیە. خودا یەکەم جار لەگەڵ نوح دوا و پەیمانێکی سەبارەت بە هەموو بەدیهێنراوان لەگەڵ بەست. پاشان خودا لەگەڵ ئیبراهیمی باوکی جولەکە پەیمانێکی بەست کە بەگوێرەی شەریعەت نەبوو، بەڵکو بەپێی بەڵێنی خودا و باوەڕی ئیبراهیم بوو. لە ڕێگەی ئەم پەیمانەوە خودا هەموو جیهانی بەرەکەتدار کرد بەهۆی نەوەی ئیبراهیمەوە. پاشان خودا لە شاخی سینا پەیمانێکی دیکە لە ڕێگەی موساوە لەگەڵ گەلی ئیسرائیلدا بەست. ئەم پەیمانە بەگوێرەی شەریعەت بوو. نیشانەی هەردوو پەیمانە کۆنەکە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەیەک بوو. خودا لە ڕێگەی پەیمانی موساوە کۆمەڵێک یاسا و شەریعەتی بۆ مرۆڤ دانا تاکو پەی بە گوناهەکانیان ببەن و بە ڕشتنی خوێنی قوربانی گوناهەکانیان بسڕدرێتەوه. دواتر لەگەڵ داودی پاشادا پەیمانێکی بەست سەبارەت بە پاشایەتی ماڵی داود بە جۆرێک کە نەوەی داود هەتاهەتایە پاشا دەبن. پەیمانی کۆن بەشێکی گەورەی کتێبی پیرۆز پێکدەهێنێت و هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەرانی جولەکە لەخۆدەگرێت.
بابەتی پەڕتووکەکان جیاوازن، لە دروستبوونی جیهانەوە دەستپێدەکات و دێتە سەر باسی دروستبوونی گەلی جولەکە، دواتریش ڕاسپاردەکانی خودا بۆ گەلی جولەکە. هەروەها چەندین پێشبینی تێدایە سەبارەت بە هاتنی مەسیح. ئەو جەنگ و نەفرەتەی بەسەر گەلی جولەکەدا هاتوون بۆمان دەردەخات کە خودا ڕقی لە گوناهکردن دەبێتەوە چونکە پیرۆزە، خودایەکی ئیرەدارە و نایەوێت مرۆڤ هاوبەشی بۆ دروستبکات. لە هەمان کاتدا، لە پەیمانی کۆن خۆشەویستی نەگۆڕی خودامان بۆ دەردەکەوێت بەرامبەر بە مرۆڤ. لە ڕێگەی پەیمانی کۆنەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ توانیویەتی چێژ لە ئامادەبوونی خودا وەربگرێت و ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکات. بە کورتی، پەیمانی کۆن ئامرازێکە بۆ ناسینی خودا. تەورات مرۆڤ تەمبێ دەکات هەتا کاتی هاتنی مەسیح. بۆ نموونه، تاکی جولەکە حەزی کردووە داوێنپیسی بکات، بەڵام لە سزای داوێنپیسی ترساوە کە بەردبارانکردن بووە، لەبەر ئەوە ئەنجامی نەداوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام پێغەمبەران هەوڵیان داوە کە گەل لە دڵەوە پابەند و گوێڕایەڵی خودا بن، نەک تەنها هەر بە خەتەنەکردن و قوربانی کردن.
پەیمانی کۆن لە سی و نۆ پەڕتووک پێکهاتووە، بەسەر ئەم بەشانەی خوارەوەدا دابەش دەبن: پەیدابوون: باسی بەدیهێنانی جیهان، یاخیبوونی مرۆڤ، پەیمانبەستنی خودا لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی و پێکهێنانی گەلی خودا دەکات.
تەورات یان شەریعەتی موسا: پەڕتووکی دەرچوون هەتا پەڕتووکی دواوتار لەخۆدەگرێت. لەم پەڕتووکانەدا خودا شەریعەتی خۆی بە گەلی جولەکە دەناسێنێت، ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی لەسەریان دەسەپێنێت.
مێژوو: پەڕتووکی یەشوع هەتا پەڕتووکی ئەستێر لەخۆدەگرێت. پێکدێن لە دوازدە پەڕتووک، باسی مێژووی گەلی جولەکە و پاشاکانیان دەکەن، هەروەها ئەو سەردەمەی کە تێیدا ژیاون.
شیعر و گۆرانی: پەڕتووکی ئەیوب، زەبوورەکان، پەندەکانی سلێمان، ژیرمەندی و گۆرانی گۆرانییەکان لەخۆدەگرێت. ئەم پەڕتووکانە پێکدێن لە کۆمەڵێک شیعر و گۆرانی ڕۆحی کە ستایشن بۆ خودای پەروەردگار، هەروەها کۆمەڵێک فێرکردنی پەروەردەیی ڕۆحی لەخۆدەگرن.
پێشبینی: لە پەڕتووکی ئیشایا هەتا پەڕتووکی مەلاخی لەخۆدەگرێت. ئەم پەڕتووکانە کۆمەڵێک پێشبینییان تێدایە سەبارەت بە داهاتووی مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلی جولەکە بە تایبەتی، هەروەها هاتنی عیسای مەسیح. ئەم پێغەمبەرانە بۆ دوو کۆمەڵە دابەش دەکرێن بەگوێرەی کورتی و درێژی نووسراوەکانیان، پێغەمبەرە گەورەکان ئیشایا هەتا دانیال لەخۆدەگرێت، کە نووسراوەکانیان درێژن. پێغەمبەرە بچووکەکان هۆشەع هەتا مەلاخی لەخۆدەگرێت، کە نووسراوەکانیان کورتن.