پێشەکی کتێبی پیرۆز
کتێبی پیرۆز پەیامی خۆشەویستییە لە خودای بەدیهێنەرەوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، تاکو لە ژێر چەپۆکی کۆیلایەتی گوناە ڕزگاریان ببێت.
کتێبی پیرۆز دابەش دەبێت بۆ دوو بەش بەگوێرەی ئەو دوو پەیمانەی کە خودا لەگەڵ مرۆڤایەتیی ڕایگەیاندووە. سەرەتا خودا پەیمانێکی لەگەڵ ئیبراهیم بەست و پاشان پەیمانێکیشی لە ڕێگەی موساوە لەگەڵ گەلی ئیسرائیل بەست، کە پێکەوە بە پەیمانی کۆن دەناسرێن. نیشانەی ئەم پەیمانە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەیەک بوو، هەروەها بەگوێرەی هەمان پەیمان دەبووایە مرۆڤ خوێنی قوربانی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی خودا لە گوناهەکانی خۆشبێت. پەیمانی کۆن ئامادەسازی بوو بۆ پەیمانێکی گەورەتر کە خوێنی مەسیح لەسەر خاچ ڕژا لە پێناوی لێخۆشبوونی هەموو مرۆڤایەتی، ئەمەش بە پەیمانی نوێ دەناسرێت. هەرگیز پەیامی پێغەمبەرایەتی بە ویستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو خودا پەیامی خۆی بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز (ئەو ڕۆحەی کە سروشت و کەسایەتی و دەسەڵاتی خودایە) و لە ڕێگەی کەسانی هەڵبژێردراوەوە ئاراستەی مرۆڤ کردووە.
کتێبی پیرۆز لە شەست و شەش پەڕتووک پێکدێت (سی و نۆ لە پەیمانی کۆن و بیست و حەوت لە پەیمانی نوێ) کە باسی کۆمەڵێک ڕووداوی مێژوویی دەکات، هاوکاتیش ڕاسپاردە و فەرمانەکانی خودا ڕادەگەیەنێت. مێژووی نووسینەوەکەی لە دەوروبەری ١٤٥٠ پ. ز. دەستی پێکردووە و هەتا نزیکی ساڵی ١٠٠ ز. بەردەوام بووە. بە لایەنی کەمەوە چل کەس لە نووسینی کتێبی پیرۆزدا بەشدارییان کردووە، یەکەمیان موسایە و دوایینیان یۆحەنایە، زیاتر لە ١٥٠٠ ساڵی خایاندووە، بە زمانەکانی عیبری و ئارامی و یۆنانی نووسراوە. دەستنووسی کۆن لە کتێبی پیرۆز لە مۆزەخانە بەناوبانگەکانی جیهاندا زۆرن. کۆنترین دەستنووسەکانی پەیمانی کۆن، لە ساڵانی ١٩٤٦- ١٩٥٦ لە ئەشکەوتەکانی ناوچەی قومرانی دەریای مردوو دۆزراونەتەوە. لە یازدە ئەشکەوت نزیکەی ٩٠٨ دەقی جیاواز دۆزراونەتەوە. ئەم دەستنووسانە بە گشتی دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ١٥٠ پ. ز. هەتا ٧٠ ز.. سەبارەت بە پەیمانی نوێ، دەیان دەستنووسی کۆنی ئینجیل هەیە، لە شێوەی پارچەپارچەیین یان وەرگێڕدراوە کۆنەکانن یان نامەکانی قوتابییە یەکەمینەکانن. مێژووی هەندێک لەم دەستنووسانە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زایین. زیاتر لە پێنج هەزار دەستنووس هەن کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٣٠٠ ز.. ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزە کە ئەم دەقەی ئەمڕۆ لەبەردەستمانە هەمان ئەو دەقەیە کە باوەڕداران لە سەرەتاوە بەکاریانهێناوە. بەپێی هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو، دەتوانین بڵێین کە کتێبی پیرۆز یەکەم کتێبە کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکە. سەرەتا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئارامی و دواتر وەرگێڕانی حەفتایی لە ساڵی ٢٥٠ پ. ز. وەرگێڕدراوە بۆ زمانی یۆنانی. کتێبی پیرۆز هەتا ئێستا بۆ زیاتر لە ١٦٦٠ زمان و زاراوە وەرگێڕدراوە و زۆربەی وەرگێڕانەکان ئێستا لەبەردەستدان.
دانانی بەش و ژمارەی ئایەتەکان تەنها بۆ ئاسانکردنی تێگەیشتنە. لە کۆندا کتێبی پیرۆز بۆ بەش و ئایەت دابەش نەکرابوو، هەروەها خاڵ و بۆریش نەبووە. جولەکەکان بۆ ئاسانی تێگەیشتن پەیمانی کۆنیان بەسەر ژمارە و بەشدا دابەش کردووە. لە ساڵی ١٥٥١ ز. دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ ژمارەی بەش و ئایەتەکانی بۆ دانرا.