کورتە باسێک سەبارەت بەم وەگێرانە
خوێنەری ئازیز، مەبەستی ئەم پەڕتووکە ئەوەیە کە تاکی کورد بتوانێت بە زمانی شیرینی کوردی پەیامی خودای هەمیشەیی بخوێنێتەوە و گوێی لێ بگرێت. لەم وەرگێڕانەدا سێ بنەمای گرنگ ڕەچاو کراون: وردی، ڕوونی و ئاساییبوونی دەق.
ئەم وەرگێڕانەی کە ئێستا لەبەردەستتدایە لە زمانەکانی عیبری و یۆنانییەوە وەرگێڕدراوە، کە ئەو دوو زمانەن کتێبی پیرۆزیان پێ نووسراوەتەوە، پەیمانی کۆن بە زمانی عیبری و پەیمانی نوێ بە یۆنانی. سەرەتا، پەیمانی نوێ لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرگێڕدرا و لە ساڵی ١٩٩٨ (ئینجیلی پیرۆز) چاپکرا. دواتر پەیمانی کۆن لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدرا، ئینجا بە وردەکارییەوە هەردوو پەیمان بەگوێرەی زمانەکانی عیبری و یۆنانی پێداچوونەوەیان بۆ کرا. ئیتر چاپی دووەمی (ئینجیلی پیرۆز) لە ساڵی ٢٠١١ چاپکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێداچوونەوەی پەیمانی کۆن کاری تێدا مابوو لەو کاتەدا چاپ نەکرا. پاشان لەبەر ئەوەی داڕشتنی ڕستە و دەستەواژەکانی زمانی کوردی لەگەڵ زمانە ئەسڵییەکان هەندێک جیاواز بوون، پێویست بوو وەک هەنگاوی سێیەم وەرگێڕانەکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. تیمی وەرگێڕان بە درێژایی ئەم پرۆسەیە لە لایەکەوە سوودی لە بۆچوونی ڕاوێژکارانی لاهوتی و زانستی زمانەوانی وەرگرتووە، لە لایەکی دیکەوە دەقی وەرگێڕدراو لەلایەن دانیشتووانی چەند شارێکی هەرێمی کوردستان تاقیکراوەتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە وەرگێڕانەکە تەواو ڕوونە. لە ئەنجامدا بەرهەمی زیاتر لە بیست و حەوت ساڵی کاری وەرگێڕان دەخەینە بەردەستی خوێنەری کورد. لە زمانی کوردیدا ڕا و بۆچوونی جیاواز هەن سەبارەت بە شێوازی داڕشتن و نووسینی کوردی، بەگوێرەی توانا هەوڵمان داوە شێوەزارە جیاوازەکانی نێو کوردی سۆرانی بە یەکسانی بەکاربهێنین، بۆ نووسینیش هەوڵمان داوە کە شێوازێک پەیڕەو بکەین کە کەمترین سەرنجی لەسەر بێت و گشتگیر بێت. بۆ ئەو مەبەستە بە پشتبەستن بە شارەزایانی زمانەوانی بنەمایەکمان داڕشتووە بۆ شێوازی نووسین و داڕشتنەکەمان، کە لە شێوەی نامیلکەیەک ئامادەمان کردووە. بۆ ئاشنابوون بەم بنەمایەی نووسین کە پەیڕەومان کردووە، تکایە پەیوەندیمان پێوە بکە.
ڕوونکردنەوەی پێسیست:
• هەندێک وشە و زاراوە هەن کە لە کەلتوری کوردی یان لە سەردەمی ئێستامان شتی نامۆن، هەوڵمان داوە بەگوێرەی توانا لە دەق ڕوون بین، هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر پشتمان بە دانانی پەراوێز بەستووە. لە کۆتایی کتێبیش لستی ڕوونکردنەوەی زاراوەکانمان داناوە لەگەڵ خشتەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی کێش و پێوانەکان.
• کورتە باسێکمان بۆ هەر پەڕتووکێک نووسیوە کە ئەو پەڕتووکە ڕوون دەکاتەوە و گرنگترین بابەتەکانی باس دەکات.
• لەدوای ئەوە دەقی پەڕتووکەکە بە دوو ستوون نووسراوە. هەندێک وشە و زاراوە هەن کە لە کەلتوری کوردی یان لە سەردەمی ئێستامان شتی نامۆن، هەوڵمان داوە بەگوێرەی توانا لە دەق ڕوون بین، هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر پشتمان بە دانانی پەراوێز بەستووە. لە کۆتایی کتێبیش لستی ڕوونکردنەوەی زاراوەکانمان داناوە لەگەڵ خشتەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی کێش و پێوانەکان.
• هەر پەڕتووکێکی کتێبی پیرۆز بۆ بەش و ئایەت دابەش کراوە، وەکو (١‏:٢) واتا (بەشی یەک، ئایەتی دوو) بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت بە ئاسانی بگاتە ئەو دەقە. لە هەندێک شوێن بۆ ڕوونی ڕستەکان لە زمانی کوردی شوێنی وشەکان لەناو ئایەتەکان گۆڕاوە.
• ناونیشانەکانی ناو دەق تەنها بۆ یارمەتیدانی خوێنەرە تاکو لە دەقەکە باشتر تێبگات، واتە لە دەقی ئەسڵیدا نییە (بڕوانە پەیدابوون ١‏:١‏،٣‏،٥‏… هتد).
• بۆ ناوی کەسایەتییەکان بەگوێرەی توانا هەوڵمان داوە ئەو ناوە هەڵبژێرین کە کەلتوری کوردی پێی ئاشنایە، یان بۆ خوێنەری کورد دەربڕینی ئاساییە.
• ئەگەر وشەیەکی بیانی (بێجگە لە ناوی کەسایەتییەکان) وەک خۆی وەرگیرابێت ئەوا بە لار نووسراوە.
• وەرگیراوەکانی پەیمانی کۆن لەناو پەیمانی نوێ لە نێوان جووت کەوانەیەکی بەم شێوەیە: ﴿…﴾ دانراوە. هەروەها پەراوێزی بۆ کراوە بۆ ئاماژەدان بەو شوێنەی کە لێی وەرگیراوە، بۆ نموونە بڕوانە مەتا ١‏:٢٣‏‏.
• لەبەر ئەوەی هیچ کەسێک تەواو نییە جگە لە خودا، واتە هیچ مرۆڤێک لە هەڵە بەدەر نییە، ئێمە وەکو تیمی وەرگێڕان دان بەوەدا دەنێین کە ئەم وەرگێڕانە دەکرێت هەڵە و کێشەی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، بەو پەڕی تواناوە هەوڵمان داوە کە خۆمان بەدوور بگرین لە هەڵەی واتایی و زمانەوانی. هەموو کاتێک ئەو دوو ئایەتەی کۆتایی پەڕتووکی ئاشکراکردنمان لەبەرچاو گرتووە کە دەڵێت: «من ئاگاداری هەموو ئەوانە دەکەمەوە کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت، هەرکەسێک وشەیەک بۆ ئەم پێشبینییانە زیاد بکات ئەوا خودا ئەو دەردانەی لەسەر زیاد دەکات کە لەم پەڕتووکەدا نووسراون. ئەگەر کەسێکیش وشەیەکی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە بسڕێتەوە، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون.» ئاشکراکردن ٢٢‏:١٨‏-١٩ بێگومان خودا وشەکانی خۆی دەپارێزێت لەوەی کە مرۆڤ بتوانێت دەستکاری بکات، بۆ ئەوەی خەڵکی پێ گومڕا بکات. هەروەها بەهۆی بڵاوبوونەوە و زۆری وەرگێڕانەکانی بە زمانە جیاوازەکان، مەحاڵە کە بتوانرێت کارێکی لەو شێوەیە بکرێت. خودا خۆی پارێزەری وشەکانییەتی و فەرمان و ڕاسپاردەکانی بۆ هەموو سەردەمێکە. سەبارەت بە پەیمانی کۆن، عیسای مەسیح دەفەرموێت: «هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت.» مەتا ٥‏:١٨ هەروەها سەبارەت بە پەیمانی نوێ دەفەرموێت: «ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.» مەتا ٢٤‏:٣٥ لە کۆتاییدا نزا دەکەین و لە یەزدان دەپاڕێینەوە کە ئەم پەڕتووکە ببێتە مایەی بەرەکەتێکی فراوان بۆ خوێنەری کورد و شکۆداربوونی خودا.