ئاشکراکردنی عیسای مەسیح
کورتە باسێک
ئاشکراکردنی عیسای مەسیح بۆ یۆحەنای نێردراو لە نزیکەی ساڵی (٩٥ ز.) نووسراوە. لەو کاتەدا باوەڕداران تووشی شەپۆلێکی چەوساندنەوە هاتوون، کەوا لەوانەیە لەژێر دەسەڵاتی دۆمیشیانی ئیمڕاتۆری ڕۆمانی (٨١–٩٦ ز.) بووبێت. دەسەڵاتی ڕۆمانی خەڵکیان ناچار دەکرد بۆ پەرستنی ئیمپڕاتۆر. ئەمە کێشەیەکی دروستدەکرد بۆ دانپێدانانی باوەڕداران کە تەنها مەسیح باڵادەستە نەک قەیسەر (٢‏:١٠‏،١٣؛ ٣‏:١٠‏‏). هەندێک لەنێو باوەڕداراندا دەیانویست سازش لەسەر پەرستنی خودا بکەن. یۆحەنا وەک هاوبەشێک لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن (١‏:٩‏‏) دەنووسێت تاوەکو باوەڕداران ئەم فێرکردنە وەرنەگرن و لە کاتی ترسناکیشدا هەر چەسپاو بن «ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.» (١٢‏:١١‏‏).
شێوازی نووسینی نامەکە لەسەر ڕێبازێکی تایبەتی ئەدەبیاتی جولەکەیە. زۆر هێما بەکاردەهێنێت و هەندێک جار لەناو دەقەکەدا هەندێک هێمای تایبەت ڕوون دەکاتەوە (١‏:٢٠‏‏). لەنێو دەقەکەدا زیاتر لە ٥٠ جار ژمارە حەوتی بەکارهێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ تەواوەتی.
دەکرێ ئەم نامەیە بۆ چەند بەشێک دابەش بکەین:
١. مەسیح لەنێوان حەوت کڵێساکاندا شکۆدارە (١‏:٧‏-٢٠‏‏).
٢. حەوت نامە بۆ حەوت کڵێساکە (٢‏:١‏–٣‏:٢٢‏‏).
٣. تەخت و تۆمار و بەرخەکە (٤‏:١‏–٥‏:١٤‏‏).
٤. حەوت مۆر (٦‏:١‏–٨‏:١‏‏).
٥. حەوت کەڕەنا (٨‏:٢‏–١١‏:١٩‏‏).
٦. ژن و ئەژدیها و دوو دڕندە و بەرخەکە و سێ فریشتە (١٢‏:١‏–١٤‏:٢٠‏‏).
٧. حەوت جامی تووڕەیی خودا (١٥‏:١‏–١٦‏:٢١‏‏).
٨. بابلی لەشفرۆشی گەورە (١٧‏:١‏–١٩‏:٥‏‏).
٩. ستایش و گەڕانەوەی مەسیح (١٩‏:٦‏-٢١‏‏).
١٠. هەزار ساڵ و کۆتایی شەیتان (٢٠‏:١‏-١٥‏‏).
١١. ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ و ئۆرشەلیمی نوێ (٢١‏:١‏-٢٢‏‏).