یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس
کورتە باسێک
کۆرنسۆس شارێکی گەورەی بازرگانی و گەورەترین شاری ویلایەتی ئەخایا بوو. دوازدە پەرستگای ئایینی لێبووە، یەکێک لە پەرستگاکانی بە ناوی ئەفرۆدیتی کاهینە ئافرەتەکانی وەک ئەرکی ئایینییان کاری داوێنپیسییان لەگەڵ میوانانی پەرستگاکە دەکرد. ئەمەش وای کردبوو کۆمەڵگا پڕ بێت لە بەڕەڵایی و خراپەکاری. پۆڵس لە دووەم گەشتیدا کڵێسای لێ دامەزراند (کردار ١٨‏‏)، کە زۆربەیان لە نەتەوەکانی جگە لە جولەکە بوونە.
لەدوای دوورکەوتنەوەی پۆڵس لە کۆرنسۆس گوناهی جۆراوجۆر هاتبووە ناو کڵێسا و هەندێک لە ئەندامانی کڵێسا وایان لێهاتبوو خۆیان لەگەڵ خراپەکانی کۆمەڵگاکەدا دەگونجاند. لەلایەکی دیکەوە باوەڕدارانی ئەوێ کۆمەڵێک پرسیاریان بۆ پۆڵس ناردبوو. بۆیە لە دەوروبەری ساڵی (٥٥ ز.) لە سەروبەندی کۆتایی سێ ساڵەی خزمەتەکەی، لە ئەفەسۆسەوە ئەو نامەیەی ئاراستەی کڵێساکە کردووە. فێریان دەکات چۆن لە کۆمەڵگایەکی گەندەڵ و پڕ لە گوناهدا بژین. هەروەها تێیگەیاندن چۆن مژدەی مەسیح وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە و چارەسەری بنەبڕی کێشەکان دەکات.
لەدوای پێشەکییەکی کورت دێتە سەر یەکێتی و یەک هەڵوێستی باوەڕداران لە سایەی مەسیحی لەخاچدراو و دەڵێ: «هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو لە یەک بیر و هۆشدا یەکگرتوو بن.» (١‏:١٠‏‏). ئینجا دێتە سەر باسی داوێنپیسی لەلایەن هەندێک ئەندامی کڵێساوە کە ئەمە کێشەیەکی بەربڵاو بووە لە کۆرنسۆس (بڕوانە ٥‏:١‏‏). دواتریش باسی ژنهێنان و خواردن و ئینجا باسی شێوی مەسیح و بەکارهێنانی بەهرەی ڕۆحی دەکات، هەروەها دژایەتی فێرکردنی هەڵە دەکات، سەبارەت بە هەستانەوەی دوای مردن. لە کۆتاییشدا باسی ڕێکخستنی بەخشین دەکات بۆ کڵێسای ئۆرشەلیم.