نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ڕۆما
کورتە باسێک
پۆڵس جولەکەیەکی فەریسی بوو، کە پێشتر بە شاول ناسرابوو. ئەو لە ڕێگەی پەرجووێکەوە بووە قوتابی و نێردراوی مەسیح (بڕوانە ‏کردار ٩‏:١٣‏-٢٨).‏‏ بە سروشی ڕۆحی پیرۆز لە نزیک ساڵی (٥٧ ز.) لە شاری کۆرنسۆسەوە نامەیەکی بۆ باوەڕدارانی ڕۆما نووسی. هەرچەندە لەو کاتەدا سەرقاڵی ئەوە بوو بەرەو ئۆرشەلیم بچێت، بەڵام بە نیاز بوو لە داهاتوودا سەردانی ڕۆما بکات و لەوێوە بچێتە ئیسپانیا ‏(١٥‏:٢٥‏-٢٨‏)‏. پۆڵس دەیویست لە ڕۆما دەست بە فێرکردنی باوەڕداران بکات و هانیان بدات بۆ چەسپانیان لە باوەڕ ‏(١١‏:١‏-١٢‏)‏. هەروەها بەو هیوایەش بوو کە لەلایەن باوەڕدارانی ڕۆماوە یارمەتی بدرێت تاکو بتوانێت لە گەشتەکەی بەردەوام بێت و سەردانی ئیسپانیا بکات.
نووسەری نامەی ڕۆما سەرەتا وەک خزمەتکارێکی مزگێنیی مەسیح خۆی دەناسێنێت، دواتریش ئەم ئینجیلەیان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ئاشتبوونەوەی خودا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ڕەچەڵەکە: «ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی.» ‏(٣‏:٢٢‏)‏. هەموو مرۆڤێک گوناهبارە و شیاوی تووڕەیی خودایە و لێخۆشبوونی گوناهەکانیشی بەهۆی قوربانی مەسیحەوەیە. هەروەها پۆڵس مێژووی جولەکە باس دەکات بۆ سەلماندنی ئەوەی کە مزگێنیی مەسیح تەواوکەری پەیمانی کۆنە ‏(٢‏:١٦‏)‏. تەنها بە باوەڕ بێتاوان دەکرێین، چونکە «بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە.» ‏(٣‏:٢٤‏)‏. بە مردنی مەسیح ئازاد کراین لە تووڕەیی خودا و دەسەڵاتی گوناە و شەریعەت و مردن، تاکو لە ڕێگەی هەبوونی پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ خودا، ژیانێکی نوێمان هەبێت. دەبێت هەنگاوی کردەیی باوەڕداریش سوپاسگوزاری بێت و ژیان و جەستەی خۆی وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەشی خودا بکات، تاکو خزمەتی خودا و مرۆڤایەتی بکات و دڵی پاک بکاتەوە ‏(١٢‏:١‏–١٥‏:١٣‏)‏. تەنها زانینی ئینجیل بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی کردەییشی لەگەڵ بێت.