دووەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس
کورتە باسێک
پۆڵس لە دەوروبەری ساڵانی (٥٥–٥٧ ز.) لە مەکدۆنیاوە ئەم نامەیە بۆ کڵێسای کۆرنسۆس دەنووسێت و لە ڕێگای تیتۆسەوە ئاراستەیان دەکات. لەو کاتەدا کڵێسای کۆرنسۆس بەهۆی هەندێک مامۆستای درۆزن کە هاتبوونە ڕیزی باوەڕدارانەوە بە دوو شت دژایەتی خزمەتی پۆڵسیان دەکرد:
١. جێی متمانە نییە، چونکە پلانی گەشتکردنی گۆڕیوە و خاوەنی بەڵێن نییە.
٢. نێردراوی ڕاستەقینە نییە و لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەخشین کۆدەکاتەوە.
پۆڵس بۆ داکۆکیکردن لە خۆی و ڕاستکردنەوەی هەڵوێستەکە ئەم نامە خەمناکەیان بۆ دەنووسێت و خزمەت و نێردراویێتی ڕاستەقینەیان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بەڵێنی سێیەمین سەردانی و لە نزیکەوە قسەکردنیان پێدەدات.
١. ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی پلانەکەی خۆی گۆڕیوە (١–٧).
٢. هانیان دەدات لەسەر تەواوکردنی بەخشین بەر لە گەیشتنی (٨–٩).
٣. چڕدەبێتەوە لەسەر ڕاستەقینەیی نێردراویێتی خۆی (١٠–١٣).
پۆڵس لەگەڵ ئەوەی شانازی بە خزمەتەکەی خۆیەوە دەکات و دەڵێ: «بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەوەی هەموو کاتێک لە کەژاوەی سەرکەوتنی مەسیحدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە.» ‏(٢‏:١٤‏)‏. ئازارەکانی خۆی کە لە ڕێگای خزمەتەکەیەوە بۆ خودا چێژتوویەتی بە نموونە دەیهێنێتەوە بۆ ئازاری خزمەتکردنی باوەڕداران.
ئەم نامەیە فێرمان دەکات کە لە سەردەمی ئێستاماندا چۆن خزمەت بکەین. فێرمان دەکات کە دڵسۆز و دڵنیا و کراوە بین و گرنگی بە یەکتر بدەین، لە پێناوی مەسیحدا ئامادە بین بەرگەی ئازار بگرین.