پۆڵس لە کۆرنسۆس
١ لەدوای ئەمە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت و هاتە کۆرنسۆس.
٢ لەوێ جولەکەیەکی دۆزییەوە بە ناوی ئەکیلا،
خەڵکی پۆنتۆس* بوو،
تازە لەگەڵ پریسکیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون،
چونکە کلودیۆس* فەرمانی دابوو هەموو جولەکە ڕۆما بەجێبهێڵن.
پۆڵس ئیتر چووە لایان
٣ و بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد،
چونکە پیشەیان چادر دروستکردن بوو.
٤ پۆڵس هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد و هەوڵی دەدا قەناعەت بە جولەکە و یۆنانییەکان بهێنێت.
٥ کاتێک سیلا و تیمۆساوس لە مەکدۆنیاوە هاتن،
پۆڵس خۆی بۆ خزمەتی پەیامی مەسیح تەرخان کرد و لەنێو جولەکەکاندا شایەتی دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.
٦ بەڵام کاتێک دژایەتییان کرد و جنێویان پێدا،
کراسەکەی تەکاند و پێی گوتن:
«خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان!
من بێتاوانم.
لە ئێستاوە دەچمە لای ناجولەکەکان.»
٧ ئیتر پۆڵس کەنیشتەکەی بەجێهێشت و چووە ماڵی پیاوێکی خواپەرست بە ناوی تیتیۆس یوستۆس،
کە ماڵەکەی لەتەنیشت کەنیشتەوە بوو.
٨ کریسپۆسی پێشەوای کەنیشتەکە خۆی و خاووخێزانی باوەڕیان بە عیسای خاوەن شکۆ هێنا.
هەروەها زۆر لە خەڵکی کۆرنسۆس کە گوێیان لە پۆڵس بوو باوەڕیان هێنا و لە ئاو هەڵکێشران.
قسە بکە و بێدەنگ مەبە
٩ شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو:
«مەترسە،
بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە،
١٠ چونکە من لەگەڵتدام،
کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات،
چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.»
١١ ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن.
١٢ لەو سەردەمەی گالیۆن* فەرمانڕەوای ئەخایا* بوو،
جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا،
١٣ گوتیان:
«ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.»
١٤ کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە،
گالیۆن بە جولەکەکانی گوت:
«جولەکەکان،
ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە،
وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت.
١٥ بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە،
خۆتان تەماشای بکەن.
نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.»
١٦ ئیتر لە دادگا دەریکردن.
١٧ ئیتر هەموو خەڵک سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا،
گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا.
گەڕانەوەی پۆڵس بۆ ئەنتاکیا
١٨ پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە،
ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت.
پاشان لە کەنخریا سەری تاشی،
چونکە نەزری لەسەر بوو.
١٩ کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس،
پۆڵس پریسکیلا و ئەکیلای لەوێ بەجێهێشت و خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جولەکەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد.
٢٠ ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لایان بمێنێتەوە،
بەڵام ڕازی نەبوو.
٢١ ئیتر ماڵئاوایی لێکردن و گوتی:
«خودا حەز بکات دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.»
ئینجا لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت.
٢٢ لە بەندەری قەیسەرییە دابەزی،
بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێسا کرد،
ئینجا بەرەو خوار چوو بۆ ئەنتاکیا.
٢٣ پۆڵس ماوەیەک لە ئەنتاکیا مایەوە و پاشان ڕۆیشت و لە ناوچەکانی گەلاتیا و فریجیا شوێن بە شوێن دەگەڕا،
ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە.
٢٤ جولەکەیەکی خەڵکی ئەسکەندەریە بە ناوی ئەپۆلۆس هات بۆ ئەفەسۆس،
زمان پاراو و لە نووسراوە پیرۆزەکان شارەزا بوو.
٢٥ فێری ڕێگای مەسیحی خاوەن شکۆ کرابوو،
بە دڵگەرمی دەدوا و بە دروستی خەڵکی فێری پەیامی عیسا دەکرد،
هەرچەندە تەنها لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیای دەزانی.
٢٦ بە چاونەترسییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لە کەنیشت.
کە پریسکیلا و ئەکیلا گوێیان لێی بوو،
بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە.
٢٧ کاتێک ئەپۆلۆس حەزی کرد بچێت بۆ ناوچەی ئەخایا،
برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێ بکەن.
کاتێک هاتە ئەوێ،
یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە باوەڕیان هێنابوو،
٢٨ چونکە بە هێزەوە و بە گفتوگۆی ئاشکرا جولەکە بەرهەڵستکارەکانی بێدەنگ دەکرد،
لە ڕێگەی نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەیسەلماند کە عیسا مەسیحەکەیە.