نموونەی جوتیارێک
١ هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. ٢ خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. ٣ بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. ٤ کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. ٥ هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. ٦ بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. ٧ هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. ٨ بەڵام هەندێکیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. ٩ ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»
بۆچی عیسا بە نموونە دەدوێت؟
١٠ قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»
١١ وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، ١٢ چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. ١٣ لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم:
«چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن،
گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.
١٤ پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ:
[ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن.
١٥ چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
گوێیان قورس بووە،
چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
بە گوێیان ببیستن،
بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.]*
١٦ بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. ١٧ ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.
ڕوونکردنەوەی نموونەکە
١٨ «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: ١٩ هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان* دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. ٢٠ ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن. ٢١ بەڵام ڕەگ داناکوتن و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. ٢٢ ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. ٢٣ بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن. یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی، بەرهەم دەدەن.»
نموونەی گەنم و زیزان
٢٤ نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. ٢٥ بەڵام کاتێک خەڵک نوستبوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. ٢٦ کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.
٢٧ «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، ئایا لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت تۆو نەکرد؟ ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“
٢٨ «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»
٢٩ گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. ٣٠ هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ* بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»
نموونەی دەنکە خەردەل
٣١ نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەردەل* وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، ٣٢ کە بچووکترین تۆوە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانیدا هێلانە دەکەن.»
نموونەی هەویرترش
٣٣ نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک* دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە* ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
٣٤ عیسا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، ٣٥ تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی:
[بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە دەریدەبڕم.]*
ڕوونکردنەوەی نموونەی زیزان
٣٦ ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»
٣٧ وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. ٣٨ کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، ٣٩ دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە* ، سەپانەکانیش فریشتەکانن.
٤٠ «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. ٤١ کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپ و سەرپێچیکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و ٤٢ فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت. ٤٣ ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
نموونەی گەنجینە و مرواری
٤٤ «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. یەکێک دۆزییەوە و شاردییەوە، لە خۆشیان دەچێت و هەرچی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.
٤٥ «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕا. ٤٦ کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، چوو هەرچیی هەبوو فرۆشتی و مروارییەکەی کڕی.
نموونەی تۆڕ
٤٧ «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. ٤٨ کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. ٤٩ کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و ٥٠ فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»
٥١ عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟»
وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»
٥٢ جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە دەبێت بە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت.»
ڕەتکردنەوەی عیسا
٥٣ کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد لەوێ ڕۆیشت. ٥٤ هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان فێری کردن، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ ٥٥ ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ ٥٦ ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» ٥٧ جا ڕەتیان کردەوە.
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»
٥٨ لەوێدا پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.