مەلاخی
کورتە باسێک
یەزدان دەفەرموێت: «خۆشمویستن.» (١‏:٢‏‏).‏
 
لە نیوەی یەکەمی سەدەی پێنجەمی بەر لە لەدایکبوونی مەسیح لەنێوان ساڵانی ٤٥٠‏–٤٢٥ پ. ز. مەلاخی بە ڕێنمایی خودا ئەو پەڕتووکەی نووسییەوە. خودا پێغەمبەر مەلاخی نارد بۆ ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. گەلی خودا لە بارێکی ڕۆحی ترسناکدا بوون و پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەبوو. نەحەمیا و عەزرا هەندێک چاکسازی گرنگیان لە نەریت و سیاسەتدا کرد، مەلاخی هات بۆ ئەوەی خەڵکی بە گرنگییەوە بڕواننە کێشە ڕۆحییەکانیان. کێشەی سەرەکی کە مەلاخی ویستی چارەسەری بکات و بەرەنگاری بێتەوە کێشەکانی پەیوەست بوون بە گەندەڵی کاهینان و گرنگی نەدان بە پەرستگای خودا و ئەو گوناهە تایبەتانەی لە ماڵەکان ئەنجام دەدرێن. پەڕتووکەکە بە پێشبینییەک سەبارەت بە هاتنی مەسیح کۆتایی دێت، هەروەها ئەوەی پێش ئەو دێت بانگەوازی بۆ دەکات، یەحیای کوڕی زەکەریا (لێرە بە ئیلیا ناوی هاتووە). بەو شێوەیە دەبینین کە پەیمانی کۆن لەوە نزیک دەبێتەوە کە خودا لە سەردەمی پەیمانی نوێ ئەنجامی دەدات.
خەڵکی بە ڕاستی لە کارەساتەکانی دیلیێتی پەندیان وەرنەگرتبوو، خودا بۆی نووسیبوون لە ئەنجامی ئەو گوناهانەی ئەنجامیان داوە پێویستە بچنە خاکی دیلیێتی، ئێستاش بە هەمان شێوە هەڵدەگەڕێنەوە. تەڵاق لەنێویان بڵاو بووەوە، خۆویستی بەسەریاندا زاڵ بوو، بەرەو ستەمکاری چوون، پەرستگا و خواپەرستییان لە پەرستگا پشتگوێ خست، لە هەموو لایەکەوە پێیانەوە دیاربوو کە لەلایەنی ڕۆحییەوە خراپ بوون، مەلاخی گلەییەکەی خستە سەر پیاوە ئایینییە گەورەکان، پێویستە لەسەریان وەک خەڵکی دیکە نەبن و داواکارییەکانی خودا بزانن. تاکە هیوای مەلاخی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو بوو، ئەو هەموو شتێک ڕاست دەکاتەوە، چونکە بە پاڵپشتی هێزی خودا دێت.