هۆشەع
١ ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.
ژن و منداڵی هۆشەع
٢ سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت* ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.» ٣ ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو.
٤ یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم. ٥ لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»
٦ دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە* ، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم. ٧ بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»
٨ لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو. ٩ یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی* ، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.
١٠ «بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا، ”ئێوە گەلی من نین،“ بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن. ١١ لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لە خاکەکە سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»