هۆشەع
کورتە باسێک
«بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە، وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان خۆشدەوێت.» (٣‏:١‏‏).‏
 
هۆشەع لە سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین بە ڕێنمایی خودا ئەم پەڕتووکەی نووسیوەتەوە. لە دوو بەشی جیاواز پێکدێت. بەشی یەکەم لە چارەسەری ژیانی هۆشەع پێکدێت (بەشەکانی ١‏–٣)؛ بەشی دووەم لەو پەیامە پێکدێت کەوا هەڵیگرتبوو بۆ خەڵکی شانشینی باکوور (بەشەکانی ٤‏–١٤). هۆشەع پێغەمبەری شانشینی باکوور بوو بۆ گەلی ئیسرائیل، بەر لە ڕووخانی ئەو شانشینە لە ساڵی ٧٢٢ پ. ز. لەوێ دەژیا، ماوەی خزمەتەکەی ٤٠ ساڵ بوو، هاوسەردەمی پێغەمبەران ئامۆس و ئیشایا و میخا بوو. ژیانی خێزانداری هۆشەع هێمایەک بوو بۆ شانشینێکی وێران، هەروەک ژنەکەی وازی لێ هێنا و چوو داوێنپیسی کرد، هەر بەم شێوەیەش گەلی ئیسرائیل وازیان لە خودا هێنا و بەدوای بتپەرستی نەتەوەکانی دیکەدا گەڕان. بەڵام هەروەک هۆشەع پەیوەست بوو بە خۆشویستنی ژنە ناپاکەکەی و لە کۆتاییدا گەڕاندییەوە ماڵەکەی خۆی، خوداش پەیوەستە بە خۆشویستنەکەی بۆ گەلی ئیسرائیل و بەڵێنی داوە کە بیانگەڕێنێتەوە لای خۆی و خودا بپەرستن.
لەم پەڕتووکە دوو شتی پێچەوانەی یەکتر دەبینین، دڵسۆزی خودا و خۆشویستنەکەی، هەروەها گومڕابوونی ئیسرائیل و ناپاکییەکەی. ئەو وێنەیەی کە پێغەمبەر بۆ خودای دەنەخشێنێ وێنەی زیندووی دڵسۆزی و چاودێری و لێخۆشبوون و خۆشویستن و میهرەبانییە. خۆشویستنی بەردەوامی خودا بابەتی ئەم پەڕتووکەیە. بەڵام وێنەی ئیسرائیل وێنەی ژنێکی ناپاکی گوناهبار و هەڵگەڕاوەی بەدڕەوشتە، کە پڕە لە نەزانی و گێلایەتی، بەوە ڕازی نییە کە خودا داوای لێدەکات. بەڵام هەروەک خۆشویستنی هۆشەع لە کۆتاییدا سەرکەوت، خۆشەویستیی خوداش دەتوانێت گۆڕانێکی پەرجوو ئاسا لە ژیانی هەرکەسێکدا بکات کە بە پەشیمانییەوە بگەڕێتەوە لای خودا.