١ «بە براکانتان بڵێن:
”گەلی من،“
و بە خوشکەکانتان:
”بەر بەزەیی کەوتوو.“
سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل
٢ «سەرزەنشتی دایکتان بکەن،
سەرزەنشتی بکەن،
چونکە ئەو ژنی من نییە و
منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
٣ ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
بە تینووێتی دەیمرێنم.
٤ بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
چونکە زۆڵن.
٥ بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی:
”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
ئەوانەی نان و ئاو،
خوری و کەتان،
زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
٦ لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
٧ دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
٨ ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
 
٩ «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
لەبەری دادەکەنم.
١٠ ئێستا شوێنی شەرمی
لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
١١ هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
جەژن و سەرەمانگەکانی،
شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
١٢ ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
کە گوتی:
”ئەوانە کرێیەکەی منن،
خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
١٣ لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
دوای خۆشەویستانی کەوت،
بەڵام منی لەیاد کرد.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
 
١٤ «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
دەیبەمە چۆڵەوانی و
بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
١٥ لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
دۆڵی عاخۆر* دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
 
١٦ یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا دەبێت،
پێم دەڵێیت:
”مێردەکەم“ و
چیتر پێم ناڵێیت:
”گەورەم.“
١٧ ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
ئیتر ناویان ناهێنێت.
١٨ لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
١٩ بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
بە ڕاستودروستی و دادوەری،
بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
٢٠ بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
دان بە یەزداندا دەنێیت.
 
٢١ «یەزدان دەفەرموێت:
لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
٢٢ زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل* دەبێت.
٢٣ لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم:
”ئێوە گەلی منن.“
ئەوانیش دەڵێن:
”تۆ خودای ئێمەیت.“»