گڵاوکردنی پەرستگا
١ ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم،* کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون، لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم. ٢ جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی، وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو. ٣ شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو، بە قژی سەرم منی گرت. ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم، بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە، ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە* کە ئیرەیی* خودا دەجۆشێنێت. ٤ شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.
٥ ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.
٦ پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
٧ ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی. ٨ پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
٩ پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.» ١٠ منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە. ١١ حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لەناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
١٢ پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ چونکە دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“» ١٣ ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
١٤ پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز* دەگریێن. ١٥ پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
١٦ ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
١٧ پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە* . ١٨ هەروەها منیش بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»