پەیدابوون
یەکەم پەڕتووکی موسا
کورتە باسێک
خودا بە چاکەی خۆی گەردوونی بە جوانی بەدی هێنا، بەڵام مرۆڤ یاخی بوو، خوداش لە ڕێگای پەیمانبەستن لەگەڵ هەڵبژێردراوانی، گەلی تایبەتی خۆی دروستکرد بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی ڕزگار بکات.
پەڕتووکی پەیدابوون تۆمارێکە لەلایەن خوداوە لە ڕێگای موسای پێغەمبەرەوە بە مرۆڤ ڕاگەیەنراوە، لە ساڵانی (١٤٢٠–١٢٢٠ پ. ز.). لە دەستپێکیدا بۆمان دووپات دەکاتەوە کە خودا بەدیهێنەری تەواوی گەردوون و مرۆڤە، کە مرۆڤی لە باشترین شوێن و بارودۆخ دانا. لەدوای ئەوەش باسی چۆنیەتی یاخیبوونی مرۆڤ دەکات لە فەرمانی خودا و گوناهباربوونی، هەروەها چۆن خودا پلانی ڕزگارکردنی مرۆڤی داڕشت. موسا بە سروشی خودا (وەحی) ئەم پەڕتووکەی نووسی، تێیدا بە گشتی باسی مێژووی مرۆڤایەتی و گەشەسەندنی نەتەوەکانی کردووە، هەروەها بە تایبەتی باسی سەرەتای مێژووی جولەکەی کردووە. لە سەردەمی ئیبراهیم و ئیسحاقی کوڕی و یاقوبی نەوەیەوە، بە وردی باسی گرنگترین چیڕۆکی مرۆڤایەتی دەکات کە ئەویش ئیبراهیمی باوکی گەلی خودایە. سەرگوزەشتەی ئیبراهیم لە خاکی میسۆپۆتامیاوە دەستپێدەکات، لە خۆشەویستی و لەخواترسی ئیبراهیمەوە، ئینجا پەیمانی خودا لەگەڵ ئیبراهیم دێتە کایەوە. بە چیڕۆکی فرۆشتنی یوسف و گەشەکردنی و کۆچی گەلی خودا بۆ میسر کۆتایی بەم پەڕتووکە دێت.
کڕۆکی ئەم پەڕتووکە باس لە ناساندنی خودا دەکات. لەگەڵ ئەوەی خودا هەموو شتێکی بە باشترین شێوە دروستکرد، گوناه هات و جوانی بەدیهێنراوەکانی شێواند. سەرباری ئەوەش خودا دەستی بە داڕشتنی پلانێک کرد بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ. هەروەها باسی پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ دەکات، باسی دەسەڵاتی ڕەهای خودا دەکات، دوای ئەوەش چۆن خودا پەیمانی لەگەڵ خەڵکە هەڵبژێردراوەکەی خۆی بەست، قوربانی سەپاند وەک ژیان لەبری ژیان.