تۆمار و بەرخە سەربڕدراوەکە
١ لەلای ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لەسەر هەردوو ڕووی نووسرا بوو،
بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو.
٢ هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد:
«کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟»
٣ کەس نەبوو،
نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات.
٤ دەستم بە گریانێکی زۆر کرد،
چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات.
٥ یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم:
«مەگریێ،
ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە* سەرکەوتنی بەدەستهێنا،
تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»
٦ ئینجا لە ناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو،
چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون.
بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو،
کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون.
٧ هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت.
٨ کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت،
چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە،
هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو،
ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە،
٩ سروودێکی نوێشیان دەگوت:
«تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و
مۆرەکانی بکەیتەوە،
چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە،
لە هەموو هۆز و زمان و گەل و نەتەوەیەک.
١٠ ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و
فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»
١١ ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان،
ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو،
١٢ بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت:
«بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی
توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و
ڕێز و شکۆ و ستایشە!»
١٣ هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش،
هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون،
بیستم دەیانگوت:
«با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا،
بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و
بەرخەکە بێت،
هەتاهەتایە!»
١٤ چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت:
«ئامین»،
پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.