حەوت مۆرەکە
١ سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە.
ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی:
«وەرە!»
٢ تەماشام کرد و ئەسپێکی سپیم بینی.
سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو،
بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.
٣ کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە،
گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی:
«وەرە!»
٤ ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە،
سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن.
هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو.
٥ کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە،
گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی:
«وەرە!»
سەیرم کرد،
ئەسپێکی ڕەشم بینی،
سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو.
٦ گوێم لێبوو دەنگێک لە ناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت:
«یەک مشت* گەنم بە دینارێک*،
سێ مشت جۆ بە دینارێک،
بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.»
٧ کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە،
گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی:
«وەرە!»
٨ تەماشام کرد،
ئەسپێکی زەردباوم بینی،
سوارەکەی ناوی «مردن» بوو،
یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو.
هەردووکیان دەسەڵاتیان پێدرابوو کە چارەکی دانیشتووانی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد و بە دڕندە کێوییەکانی زەوی بکوژن.
٩ کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە،
لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون.
١٠ بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان:
«ئەی یەزدانی باڵادەست،
پیرۆز و ڕاست،
هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟»
١١ جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە،
هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.
١٢ تەماشام کرد کە مۆری شەشەمی کردەوە،
بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و خۆر وەک جلوبەرگی ماتەم ڕەش هەڵگەڕا،
مانگیش وەک خوێن سوور هەڵگەڕا و
١٣ ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە زەوی،
وەک دار هەنجیر کاتێک بایەکی توند دەیهەژێنێت،
بەرەکەی دەکەوێت.
١٤ ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو لەبەرچاو ون بوو،
هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما.
١٥ پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک،
خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشار دا.
١٦ بە چیا و بەردیان دەگوت:
«بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە!
١٧ چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟»