بینینی تەختی پاشایانەی خودا
١ پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا،
ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم*،
پێی فەرمووم:
«سەربکەوە بۆ ئێرە،
ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.»
٢ دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو،
لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو.
٣ ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو،
پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە.
٤ لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون،
بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو.
٥ لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات،
لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان،
کە حەوت ڕۆحەکەی خودان.
٦ لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو،
وەک کریستاڵ.
لە ناوەڕاست،
لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون،
لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون.
٧ بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو،
دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا،
سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو،
چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو.
٨ چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو،
دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو.
شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:
«پیرۆزە،
پیرۆزە،
پیرۆزە،
خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا،
ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»
٩ هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاسی دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەن،
کە هەتاهەتایە زیندووە،
١٠ بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن:
١١ «ئەی خودای پەروەردگارمان،
تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت،
چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە،
بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»