فێرکارانی دووڕوو و درۆزن
١ ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ کە لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک کەس لە باوەڕەکە هەڵدەگەڕێنەوە و بە دوای ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون. 
 ٢ ئەم جۆرە فێرکردنە لە ڕێگەی درۆزنە دووڕووەکانەوە دێت کە ویژدانیان داخکراوە. 
 ٣ هاوسەرگیری قەدەغە* دەکەن،
 فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت. 
 ٤ هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە،
 ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە، 
 ٥ چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.
خزمەتکاری باشی مەسیح
٦ ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت،
 ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح،
 کە بە وشەکانی باوەڕەکە و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت و شوێنی دەکەویت. 
 ٧ ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە،
 بەڵام خۆت لەسەر لەخواترسی ڕابهێنە. 
 ٨ وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە،
 بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە،
 چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە. 
 ٩ ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی پەسەندکردنی تەواوە. 
 ١٠ بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین،
 چونکە هیوامان بە خودای زیندووە،
 ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە،
 بە تایبەتیش باوەڕداران.
١١ بەم شتانە ڕابسپێرە و فێر بکە. 
 ١٢ با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات،
 بەڵکو ببە بە نموونە بۆ باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا،
 لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. 
 ١٣ هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. 
 ١٤ ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە،
 ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.