نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک
١ بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم،
نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت،
٢ بۆ پاشا و دەسەڵاتداران،
تاکو بە ئاشتی و هێمنی و بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە بژین.
٣ ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان،
٤ ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بەرەو ناسینی ڕاستی بێن،
٥ چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە،
ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە،
٦ ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان،
شایەتیدانیش* لە کاتی گونجاو بوو.
٧ بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم،
ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم،
فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
٨ جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن و بێ تووڕەیی و مشتومڕ دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە.
٩ ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە* بێت،
بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە،
نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها،
١٠ بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.
١١ ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت.
١٢ ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت*،
بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت،
١٣ چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا،
ئینجا حەوا.
١٤ هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا،
بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە.
١٥ بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت،
ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.