یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای سالۆنیکی
١ لە پۆڵس و سیلا* و تیمۆساوسەوە،
 
بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک*:
 
با نیعمەت* و ئاشتیتان لەگەڵ بێت.
 
سوپاسگوزاری بۆ باوەڕداران
٢ هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین،
٣ بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە،
هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
٤ ئەی خوشکان و برایان،
خۆشەویستانی خودا،
دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە،
٥ چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان،
بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوەوە،
وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین.
٦ ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە،
لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد،
٧ تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا.
٨ پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە،
نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا،
بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە.
لەبەر ئەوە پێویست ناکات هیچ شتێک بڵێین،
٩ چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا،
تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و
١٠ چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان،
ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە،
مەبەست لە عیسایە،
کە لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.