یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای سالۆنیکی
کورتە باسێک
سالۆنیکی پایتەختی ویلایەتی مەکدۆنیا بوو، بەندەرێکی بازرگانی گەورەی لەسەر دەریای ئیجە هەبوو. پۆڵس لەدوای ئەوەی فیلیپیی بەجێهێشت، ڕووی کردە سالۆنیکی و کڵێسای لێ دامەزراند ‏(کردار ١٧‏:١‏-٩‏)‏، کە زۆربەیان ناجولەکە بوون. لە سالۆنیکی هەندێک جولەکە هەبوون کە دانیشتووانی ئەو شارەیان لە دژی پۆڵس ‏و هەموو باوەڕداران هاندا، لەبەر ئەوە پۆڵس ناچار بوو بچێتە بیریە و لەوێشەوە بۆ ئەسینا. لەدوای ئەوەی تیمۆساوس لە سالۆنیکی هاتەوە و هەواڵی ئەوێی بۆ هێنا، پۆڵس ناردییەوە بۆ سالۆنیکی و خۆی چوو بۆ کۆرنسۆس. لە نزیکەی ساڵی (٥١ ز.) پۆڵس لە کۆرنسۆسەوە ئەم نامەیەی بۆ باوەڕدارانی سالۆنیکی نووسی.
پۆڵس لە نووسینی ئەم نامەیە چەند مەبەستێکی هەیە:
١. هاندانی باوەڕدارانی سالۆنیکی لە کاتی تاقیکردنەوە و تەنگانەدا ‏(٣‏:٣‏-٥‏)‏.
٢. چۆنیەتی ژیان لە پێناوی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا ‏(٤‏:١‏-٨‏)‏.
٣. هاندان بۆ کارکردن ‏(٤‏:١١‏-١٢‏)‏.
٤. دڵنیاکردنەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی مەسیح و هەستانەوەی باوەڕداران ‏(٤‏:١٣‏–٥‏:١١‏)‏.
باوەڕدارانی سالۆنیکی زۆر پێویستیان بەوە بوو کە لە باوەڕدا زیاتر گەشە بکەن، چونکە هەندێک تێگەیشتنی هەڵە لەنێو باوەڕداراندا هەبووە لەسەر گەڕانەوەی مەسیح. پۆڵس سەرەتا هانیان دەدات کە لەسەر باوەڕیان چەسپاو بن، بە تایبەتیش هەوڵ دەدات ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە ڕاست بکاتەوە. بۆیە سەبارەت بە هەستانەوە دەڵێ: «لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون.» ‏(٤‏:١٤‏)‏.