یونس
کورتە باسێک
ڕزگاری لە یەزدانەوەیە، ئەو یەزدانەی بەدیهێنەرە و خودای هەموو نەتەوەکانە.‏
 
ئەم پەڕتووکە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز نووسراوەتەوە. لە نزیکەی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین پێغەمبەر یونس لە ئیسرائیل لەدایکبوو، خودا بانگی کرد بۆ ئەوەی پەیامی تۆبەکردن بگەیەنێتە شانشینی ئاشور کە پایتەختەکەی لە شاری نەینەوا بوو کە دەکاتە موسڵی ئێستا، ئەو شانشینەی کە لە ساڵی ٧٢٢ پ. ز. شاری ئۆرشەلیمی وێران کرد. کاتێک یونس ئەو پەیامەی پێگەیشت بەهۆی هەستی نەتەوایەتییەوە ڕەتی کردەوە کە پەیامی ڕزگاربوون بگەیەنێتە نەتەوەیەکی بتپەرست، ویستی بە کەشتییەک لە خودا دووربکەوێتەوە، بەڵام لەدوای زنجیرەیەک ڕووداو کەوتە قووڵایی دەریا و یەزدانیش ماسییەکی ئامادە کرد کە زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی یونس قووت بدات، دواتر ماسییەکە لەسەر کەناری دەریا فڕێیدا. لە کۆتاییدا یونس گوێڕایەڵی فەرمانی خودا بوو و چوو بۆ نەینەوا بۆ ئەوەی پەیامی ڕزگاربوون بە خەڵکەکەی ڕابگەیەنێت. سەرکەوتنەکەی و قبوڵکردنی خەڵک بۆ تۆبەکردن ڕقی هەستاند، خودا بە نموونەی ڕووەکێک وانەیەکی پێیدا. لە پەیمانی نوێ ئاماژە بۆ چیرۆکی یونس و ئەزموونەکەی لەناو سکی ماسییەکەدا کراوە ‏(مەتا ١٢‏:٣٨‏-٤١‏)‏ وەک ئاماژەیەک بۆ ئەسپەردەکردنی مەسیح بەکارهاتووە.
پوختەی بابەتی ئەم پەڕتووکە لە ‏(٤‏:١١‏)‏ دەبینین کاتێک خودا خۆشویستنی خۆی بۆ هەموو ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەردەبڕێت، جا لە نەوەی ئیسرائیل بێت یان لە نەتەوەکانی دیکە. لە توانای یونسدا نەبوو گەلی ئاشوری خۆشبوێ، خوداش جگە لە چاکە هیچی دیکەی بۆیان نەدەویست، لەبەر ئەوە خودا پێغەمبەرێکی بۆیان نارد و داوای تۆبەی لێکردن بۆ ئەوەی بژین. بە هەمان شێوە لەم پەڕتووکەدا دەردەکەوێت کە هێزی خودا و تواناکەی لە سەرووی هەموو هێزێکە.