تووڕەبوونی یونس بەهۆی بەزەیی یەزدان
١ بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا.
٢ نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی:
«ئای ئەی یەزدان،
ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟
لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش،
چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت،
پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە،
لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە.
٣ ئێستاش ئەی یەزدان،
گیانم لێ بستێنە،
چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»
٤ یەزدانیش فەرمووی:
«ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»
٥ ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت،
لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت،
بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات.
٦ یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە،
هەتا ببێتە سێبەر لە سەری،
بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات.
یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو.
٧ بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد،
کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد.
٨ لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد،
هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد،
ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی:
«مردنم باشترە لە ژیانم.»
٩ خوداش بە یونسی فەرموو:
«ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟»
ئەویش گوتی:
«بەڵێ،
من ڕاستم. هەتا ئاستی مردن تووڕەم.»
١٠ یەزدانیش فەرمووی:
«تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە،
بە یەک شەو بوو،
هەر بە یەک شەویش لەناوچوو.
١١ ئەی باشە نەینەوا،
ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە،
ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە،
هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە،
دڵم پێیان نەسووتێت؟»