زەبوورێک
١ گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
گۆرانییەکی نوێ،
چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستی ڕاست و بازووی پیرۆزی،
سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
٢ یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
٣ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
 
٤ ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
٥ بە قیسارە مۆسیقا بۆ یەزدان بژەنن،
بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
٦ بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
 
٧ با دەریا و هەرچی تێیدایە،
با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
٨ با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،
٩ لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
گەلانیش بە دادپەروەری.