١ یەزدان پاشایەتی دەکات،
با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
با زەوی بهەژێت.
٢ یەزدان مەزنە لە سییۆن،
بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
٣ با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
ئەو پیرۆزە.
 
٤ پاشا بەهێزە،
حەز لە دادپەروەری دەکات.
تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
٥ یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
ئەو پیرۆزە.
 
٦ موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
ئەویش وەڵامی دانەوە،
٧ بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
یاساکەیان پەیڕەو کرد،
هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.
 
٨ ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
تۆ وەڵامت دانەوە،
خودایەکی لێبوردە بوویت،
هەرچەندە تۆ لەسەر کردەوەکانیان تۆڵەت لێ سەندنەوە.
٩ یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە چیای پیرۆزی ئەو کڕنۆش ببەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.