١ یەزدان پاشایەتی دەکات،
با زەوی دڵخۆش بێت،
دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
٢ هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
٣ ئاگر لەپێشیەوە،
دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
٤ بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
٥ چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
لەبەردەم پەروەردگاری هەموو جیهان.
٦ ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.
 
٧ ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
ئەی هەموو خوداوەندەکان،
کڕنۆشی بۆ ببەن.
 
٨ سییۆن بیستی و شادمان بوو،
کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
بە حوکمەکانت،
ئەی یەزدان،
٩ چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی،
تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری.
١٠ با دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری ببێتەوە،
لەبەر ئەوەی گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت و
لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
١١ ڕووناکی لەسەر ڕاستودروستان دەدرەوشێتەوە و
شادییش بۆ دڵڕاستەکان.
١٢ ئەی ڕاستودروستان،
بە یەزدان شاد بن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.