١ گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان،
گۆرانییەکی نوێ،
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
ئەی هەموو زەوی.
٢ گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشی ناوی بکەن،
ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
٣ لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
 
٤ یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە،
٥ چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
٦ شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.
 
٧ ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان،
ستایشی یەزدان بکەن،
ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
٨ ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.
٩ کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن،
چونکە شکۆدار و پیرۆزە،
ئەی هەموو خەڵکی زەوی،
لەبەردەمی بلەرزن.
١٠ لەنێو نەتەوەکان بڵێن:
«یەزدان پاشایەتی دەکات!
جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت،
بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»
 
١١ با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
١٢ با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،
١٣ لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت،
دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
دادوەری جیهان دەکات،
بە ڕاستودروستی،
گەلانیش بە دڵسۆزی.