بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
١ گێل* لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
«خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
کەس نییە چاکە بکات.
 
٢ یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات.
٣ هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.
 
٤ ئایا ئەم هەموو گوناهبارانە هیچ نازانن؟
 
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
٥ لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
٦ ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە پلانی هەژاران دەکەن،
بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.
 
٧ با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە* دەربکەوێت!
کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!