بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان،
هەتا کەی؟
بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
٢ هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟
 
٣ ئەی یەزدان،
خودای من،
سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
چاوم ڕۆشن بکەرەوە،
نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
٤ نەوەک دوژمن بڵێت:
«بەسەریدا زاڵ بووم،»
نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.
 
٥ بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
٦ سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.