بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شێوەی شیمینیت*. زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان،
ڕزگارمان بکە،
چونکە کەسی خواناس نەماوە،
چونکە لەناو ئادەمیزادان دڵسۆز نەماوە.
٢ هەمووان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن،
بە لێوی ڕیایی و دڵی ساختەوە قسە دەکەن.
 
٣ یەزدان هەموو لێوە ڕیاییکەرەکان دەبڕێت،
هەموو ئەو زمانانەی بە فیزەوە دەدوێن،
٤ ئەوانەی دەڵێن:
«بە زمانی خۆمان زاڵ دەبین،
بە لێوی خۆمان سەرکەوتوو دەبین.
کێ هەیە ببێت بە گەورەمان؟»
 
٥ یەزدان دەڵێت:
«لەبەر ستەمکاری لە هەژاران و
ناڵەی کڵۆڵان،
ئێستا ڕادەپەڕم،
ئەو ئاسوودەییەیان دەدەمێ،
لەوانەی پەستیان دەکەن.»
٦ وتەکانی یەزدان وتەی پاکن،
وەک ئەو زیوەیە لە بۆتەی گڵین پاڵێورابێت،
حەوت جار پاڵێوراوە.
 
٧ ئەی یەزدان،
دەمانپارێزیت و
هەتاهەتایە لەم جۆرە کەسانە پاسمان دەکەیت.
٨ بەدکارەکان بە هەموو لایەکدا بە ئازادی دەگەڕێن،
کاتێک خەڵکی بە شان و باڵی خراپەدا هەڵدەدەن.